گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامارەکانی کۆرۆنا لە کوردستان دڵخۆشکەرن.. جەنگ لەگەڵ کۆرۆنا کۆتایى هاتووە؟

2020.05.13 - 22:22
ئامارەکانی کۆرۆنا لە کوردستان دڵخۆشکەرن.. جەنگ لەگەڵ کۆرۆنا کۆتایى هاتووە؟

ناس کورد- بەدواداچونی تایبەت - ئالان م نوری

چەند رۆژێکە لە بەیاننامەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا ئاماژە بۆ هیچ تووشبوویەکی نوێ بە پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا نەکراوە. لە دوایین ئاماردا کە رۆژی 11 ی مایس بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ژمارەی ئەوانەی سەلمێندراوە کە کۆرۆنایان هەیە و لە نەخۆشخانەکانى هەرێمدا ماونەتەوە تەنها 14 کەسن. ئەمە لە کۆی 391 کەس کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە تا ئێستە تووشبووی سەلمێندراوبوون، لەوانەش372 یان چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتە ماڵی خۆیان. 

 

سەرەڕای ئەوەی مەرگی گەر هاوڵاتییەک بەم پەتایە کارەساتێکی دڵتەزێنە و 5 هاوڵاتیی هەرێم تا ئێستە گیانیان لەدەست داوە، بەڵام تەنانەت ئەمەش لایەنێکی دڵخۆشکەری تێدایە کە رێژەی مردن لەناو تووشبووان لە هەرێمی کوردستاندا کەمترە لە 1.3٪ هەروەها رێژەی ئەوانەی بە کۆرۆنا کۆچیان کردووە بۆ کۆی دانیشتوانی هەرێم کەمتر لە 1 کەسە بۆ هەر ملیۆنێک. ئەمانە هەمووی ئاماری زۆر دڵخۆشکەرن و هیوایەکی زۆر بە هاووڵاتیان دەبەخشن بەوەی کە پێکەوە بتوانین بەسەر ئەم پەتایەدا بە کەمترین زیانی گیانی سەرکەوین.

 

بەڵام…

هەواڵە دڵخۆشکەرەکانی هەرێم، لەگەڵ تابلۆ گشتییەکەی عێراقدا کۆک نین. لە عێراقدا، پاش تەنها 8 رۆژ لە دابەزینی ژمارەی تووشبووانی سەلمێندراوی رۆژانە، لە رۆژی 14ی نیسانەوە، ژمارەی تووشبوونی رۆژانە لە هەڵکشاندایە و دوێنی 12ی مایس زۆرترین ژمارەی تووشبووی رۆژانە تۆمار کراوە لەوەتەی پەتاکە گەیشتۆتە عێراقەوە. بڕوانە هێڵکاریی ئاماری تووشبوانی سەلمێندراوی رۆژانەی عێراق تا 12/5:

هۆکاری سەرەکیی ئەم جیاوازییە نێوان ئامارەکانی هەرێم و عێراق بریتییە لە پابەند بوونی زووتر و توندوتۆڵتر بە رێوشوێنەکانی خۆلێکبەدوورخستن وپاشان چالاکانەتر گەڕانە بەدوای تووشبوواندا. لە عێراق (بەهەرێمی کوردستانەوە) تەنها 132457 کەس تێست کراون، لەوانە 54024 تێستیان لە هەرێمی کوردستاندا بۆ کراوە. واتە (بەپێی ژمارەی دانیشتوان) لە کوردستاندا نزیکەی سێ ئەوەندەی سەرجەمی عێراق  تێست کراوە. ئەمەش هاوشێوەی ژمارەی مردن بە کۆرۆنا، کە لەهەرێمی کوردستاندا نزیکەی 0.85 کەس بۆ هەر ملیۆنێک و لە عێراقدا 3 کەسە بۆ هەر ملیۆنێک کە دەکاتە زیاتر لە 3.5 ئەوەندەی هەرێمی کوردستان. خودی ئەم جیاوازییەی نێوان دوو ناوچەی هەمان وڵات بۆ خۆی بەڵگەن بۆ ئەوەی کە رێوشوێنە توندوتۆڵەکانی خۆلێکبەدوورخستن و تێستکردنی بەردەوام رۆڵی گەورەیان هەیە لە جەنگدا دژی ئەم پەتا کوشندەیە.

 

بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ژێر فشاری قەیرانی ئابووری و بێدەسەڵاتییان لە دابین کردنی بژێویی هاووڵاتیان، چەند هەفتەیەکە ملیان داوە بۆ پێشێلکردنی رێنماییەکان و خەریکە جۆرێک لە بێنباکی بەرامبەر خۆپارێزی لە کوردستاندا تەشەنە دەکات. ئەمە لە کاتێکدا کە پەتاکە لە سەرتاسەری عێراقدا روو لە هەڵکشانێکی مەترسیدارە. سەرەڕای ئەوەی کە لە بەراورد بە عێراقدا گەلێک لە پێشین لە ژمارەی تێستکردندا، بەڵام بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و جیهان گەلێک لە دواوەین. 

 

لە وڵاتانێکدا کە ژێرخانی تەندروستی و دەسەڵاتەکانیان گەلێک لە کوردستان پێشکەوتووترن، باس لەوە دەکرێت کە ئەو ژمارانەی بە رەسمی دەدرێن، بەتایبەتی دەربارەی مردن بە هۆی کۆرۆناوە، زۆر کەمترە لە واقیع. زانایانی پەتاناسی پێشبینی دەکەن کە لە ویلایەتێکی وەکو نیویۆرکی ئەمریکادا تا ئێستە بە رەسمی زیاد لە 27 هەزار کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەست داوە، لە راستیدا ژمارەکە زیاد لە 40 هەزار کەسە. ئەو 13 هەزار کەسە زیادەش کەسانن کە مردوون و هۆکاری مردنیان بە نەخۆشیی دیکە دانراوە بەڵام لە راستیدا کۆرۆنا بە مەرگی گەیاندوون.

 

جا ئەگەر لە وڵاتێکی زێدە پێشکەوتووی وەکو ئەمریکادا و لە یەکێک لە دەوڵەمەندترین شارەکانی دونیادا، بەو رادەیە ئاسەواری کوشندەیی کۆرۆنا کەم ژمێردرابێت، ئاخۆ لە وڵاتێکی وەکو ئێمەدا کە ئەگەر کۆرۆنا بگرین، وەکو عەیبەیەکی ئەوتۆ تەماشای دەکەین کە دەبێت بیپۆشین، و لە کەرەنتین دەترسین و ئەوەندە بە گشتی نەخۆشیی دیکەمان تێدا بڵاوە کە زەحمەتە بە ئاسانی بیرمان بۆ کۆرۆنا بچێت وەک هۆکاری مردن. یەکێک لەو 5 کەیسی مردنە بە کۆرۆنا لە کوردستاندا، کەسێکی بەتەمەن بوو کە دوای مردنی تێستی بۆ کراو دەرکەوت کۆرۆنای هەبووە. کەسوکاری خوالێخۆشبوو، وەک ئەوەی تۆمەتێک لە خۆیان دووربخەنەوە، بەیاننامەیەکی دوورودرێژیان بڵاوکردەوە بۆ سەرکۆنەکردنی دەسەڵاتە تەندروستییەکان کە ئەو "بوختان"ەیان بۆ مردووەکەیان هەڵبەستووە. 

 

لێرەوە دەڵێین کە نزمیی ژمارەی تووشبووانی سەلمێندراو و کۆچکردووان بە کۆرۆنا لە کوردستاندا هەڵخەڵەتێنەرە، چونکە نە تێستمان بە پێی پێویستە و نە ژێرخانی تەندروستیمان لە توانایدایە لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مردن بە کۆرۆنا دەستنیشان بکات و نەکولتوورمان بەو جۆرەیە کە ئەگەر تووشیش بین خۆمان دەسەڵاتە پزیشکییەکان ئاگادار بکەین.

 

گەر هەر لە ماڵ دێینەدەر، با وا نەیەینە دەر

 

ئاشکرایە کە ئەوەی دەبێت بکرێت تا هاووڵاتیان ناچار نەبن لە ماڵ بێنە دەرەوە، بە بارودۆخی ئابووریی ئێستای کوردستان و بە شێوازی حوکمڕانی نایەتە دی و بەم زووانە حکومەتی هەرێم مشووری بژێویی مانگانەی 6 ملیۆن هاووڵاتی ناخوات تا لە ماڵ بمێننەوە. کەواتە ئاشکرایە کە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا پێویستی بەوەیە رێ لە کاروکاسپیی خەڵک نەگرێت. بەڵام ئەمە مانای وانییە کە ناتوانێت زۆر بە توند وتۆڵی رێوشوێنەکانی خۆلێکبەدوورخستن، جگە لە ماڵەوە مانەوە، بسەپێنێت. واتە دەتوانێت هەموو بازاڕ ناچار بکات کە پێش ئەوەی هەر کەسێک، تەنانەت کرێکاران بچنە هەر دوکانێکەوە پلەی گەرمایان بپێورێت و ئەوەی تای هەیە نەهێڵرێت بە ئاسایی بگەڕێت بە ناوبازاڕدا. هەروەها پێویستە لە هەموو کاتێکدا دوو مەتر لەنێوان هەر کەسێک و کەسێکی دیدا لە شوێنە گشتییەکاندا هەبێت. هیچ کەس بۆی نەبێت بێ بەستنی لانی کەم پەڕۆ بە دەم و لووتییەوە لە بازاڕدا بگەڕێت.

 

لە سەروو ئەمانەشەوە پێویستە ژمارەی تێستەکان، بە تایبەتی تێستی خوێن کە هەرزانە و خێرایە، بۆ هەر کەسێک کە تای هەبێت بکرێت. ئەوەی تێستی خوێنی پۆزەتیڤ بێت دەبێت خۆی و خانەوادەکەی کەرەنتین بکرێن و تێستە سەرەکییەکەیان بۆ بکرێت. ئەمەی کە باسی دەکەین سەرەتاییترین رێنمایین بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی بازاڕ وئەرکی لانی کەمی دەسەڵاتی ئیداریی هەرێمی کوردستانە. 

 

ژمارەکانی تووشبووانی سەلمێنراوی رۆژانە 20 رۆژ دوای گۆڕینی هەر بڕیارێکی دەسەڵاتی تەندروستی دەردەکەون. واتە ژمارەکانی ئەمڕۆی کوردستان دەرهاوێشتەی شێوازی مامەڵەی خەڵک و حکومەتە 20 رۆژ لەمەوپێش. لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا تووشبوویەکی نوێ لە سلێمانی تۆمار کرا.  لەبەر ئەوە مافی خۆمانە کە سەرەڕای دڵخۆشیمان بە ژمارەکنای ئەم چەند رۆژەی پەتای کۆرۆنا لە کوردستاندا، هێشتا بەوپەڕی وریاییەوە چاودێریی بارودۆخەکە بکەین لە رۆژانی داهاتوودا. پەتای کۆرۆنا تا ئێستە پەتایەکی کوشندەیە و مافی خۆمانە داوا لە دەسەڵاتە سیاسی و تەندروستییەکانی هەرێم و لەگشت هاووڵاتیان بکەین کە پشتوێنی لێ نەکەنەوە، چونکە جەنگەکە هێشتا زۆری ماوە.