گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەنێو 150 منداڵى سورى كە نێردراون 16 يان كوژراون

وردەکارى گەشتى مەرگ.. تورکیا منداڵان فڕێدەداتە ناو ئاگرى لیبیا

2020.05.13 - 20:42
وردەکارى گەشتى مەرگ.. تورکیا منداڵان فڕێدەداتە ناو ئاگرى لیبیا

ناس کورد- 

ڕوانگەى سورى بۆ مافەكانى مرۆڤ وردەكارى بەسەربازگرتنى منداڵان لەلايەن گروپە ميليشيا سوريەكانى سەر بە توركيا ئاشكرا دەكات كە ئەو منداڵانە دەنێرن بۆ ليبيا بۆ شەڕ و تائێستاش لەنێو 150 منداڵى سورى كە نێردراون 16 يان كوژراون.

 

لە مانگى دوى ئەمساڵدا توركيا دانينا بەوەدا كە ئەو چەکدارانەى پاڵپشتى تورکیا دەکەن دەنێرن بۆ لیبیا بۆ پشتگیریکردنى حکومەتى ویفاقى نیشتیمانى لە تەرابلوس لە شەڕى دژى هێزەکانى حەفتەر لەو وڵاتە. 



بەگوێرەى زانياريەكانى ڕوانگەگە ژمارەى ئەو چەكدارە سوريانەى تائێستا گەيشتونەتە ليبيا 8400 چەكدارن هەروەها بەشێكى تريش كە سورى نين، ژمارەى ئەوانەى كە چونەتە سەربازگەكانى توركيا بۆ ڕاهێنان گەيشتونەتە 3550 كەس.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، نزيكەى 150 منداڵ كە تەمەنيان لەنێوان 16 بۆ 18 ساڵيدايە و زۆرينەيان لە فيرقەى "سوڵتان موراد"ن نێردراونەتە ليبيا بۆ شەڕ ئەوەش بە پارە خەڵەتاندويانن چونكە بارودۆخى خێزانەكانيان سەختە.

 

سەبارەت بەوەى كە ئەو منداڵانە چۆن نێردراون، ڕوانگەكە ئەوەى ئاشكرا كردوە، زۆرينەى ئەو منداڵانە لە ئيدلب و ريفى حەلەبى باكورەوە دەچنە عەفرين ئەوەش بە بيانوى كاركردن و تێياندايە بەبێ ئاگادارى كەسوكارەكەى چوە، دواتر لەلايەن گروپە چەكداريەكانى سەر بە توركياوە دەكرێن بە سەرباز و دەنێردرێن بۆ ليبيا بۆ شەڕ.

 

بەگوێرەى گێڕانەوەكانى ڕوانگەى سورى بۆ مافەكانى مرۆڤ، يەكێك لەو منداڵانە كە 15 ساڵى تەمەنى تێنەپەڕاندوە خێوەتگەى ئاوارەكانى جێهێشتوە كە لەوێ لەگەڵ خێزانەكەيدا بوە و چوە بۆ عەفرين بۆ كاركردن لە بوارى كشتوكاڵ، تا ماوەى 20 ڕۆژ پەيوەندى لەگەڵ كەسوكارى هەبوە بەڵام دواتر پەيوەنديەكانى پچڕاون.

 

ئەوەى جێى سەرسوڕما بوو بۆ كەسوكارەكەى ئەوە بوو كاتێك زانيان كە منداڵەكەيان لە يەكێك لە گرتە ڤيديۆيەكاندا دەركەوت كە لەپاڵ گروپە چەكداريە سوريەكان لە ليبيا شەڕ دەكات، دواى بەدواداچون بۆيان دەركەوت كە منداڵەكەيان كراوە بە سەرباز لە ريزەكانى فيرقەى "سوڵتان موراد".

 

خێزانى منداڵەكە باسيان لەوەكردوە، دواى چەند هەوڵێك و چەند سەردانێك بۆ بارەگاى ئەو گروپانە لە عەفرين كە لە سەرەتاوە ڕەتياندەكردەوە ئاگادار بن، بەڵام دواتر دانيان ناوە بەوەدا كە منداڵەكەيان لە ليبيا كوژراوە ئەوەش بۆ ئەوەى ڕزگاريان بێت لەدەست كەسوكارەكەى و چيتر سەردان نەكەن و پرسيارى منداڵەكەيان نەكەن، تەنانەت تائێستاش چارەنوسى منداڵەكە ديار نييە، پرسيارى تەرمەكەيان كردوە و وەڵامێكى خێرايان داونەتەوە بەوەى كە لەلاى هێزەكانى حەفتەرە.

 

لەساڵى 2015 ەوە دوو دەسەڵات لە ليبيا لە كێشمەكێشدان ئەوانيش حكومەتى ويفاقى نيشتمانى كە فايز سەراج سەرۆكايەتى دەكات و پێگەكەى خۆرئاواى ئەو وڵاتەيە و ئەوى تريان حكومەتێكى ترە كە خەليفە حەفتەر و پەرلەمانى هەڵبژێردراو پشتگيرى دەكەن و لە بەشى ڕۆژهەڵاتى ئەو وڵاتەيە.

 

لە مانگى نيسانى ساڵى 2019ەوە حەفتەر هێرشێكى سەربازى فراوانى بۆ كۆنترۆڵكردنى تەرابلوس دەستپێكردوە كە پێگەى حكومەتى ويفاقى نيشتمانيە و لەلايەن لايەنە نێودەوڵەتەكانەوە دانى پێدا نراوە.

 

بەگوێرەى ڕاپۆرتێكى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكان، گروپى چەكدارى سورى و گروپى فاگنەرى ڕوسى لە ديمەشقەوە چونەتە ليبيا بۆ پشتگيریكردنى حەفتەر و تەئكيديش كراوەتەوە هەردولا ميليشيا و گروپى چەكدارى بەكرێگيراو بەكاردەهێنن.

 

بەگوێرەى ڕاپۆرتەكە كە ڕۆژى 24ى مانگى ڕابردوو ڕادەستى ئەنجومەنى ئاسايشى نێودەوڵەتى كراوە، 800 بۆ 1200 چەكدارى بەكرێگيراوى سەربە گروپى فاگنەرى ڕوسى لە ليبيان و پشتگيرى حەفتەر دەكەن، هەروەها گروپە سوريەكان كە لە ديمەشقەوە چون، ئەوەش يەكەمجارە ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكان دان بەو ڕاستيانەدا بنێت.

 

ئەنتۆنيۆ گۆتيێرێش، ئەميندارى گشتى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكان لە ڕاپۆرتەكەدا ئيدانەى ئەوەى كرد كە بەپێى زانياريە بەردەوامەكان ئەو ميليشيايانە كە لايەنى حكومەتى ويفاقى نيشتمانى و ئەوانەشى كە لايەنى سوپاى نيشتمانى ليبيايان گرتوە كە حەفتەر بەڕێوەيان دەبات، ياساى قەدەغەى هاوردەكردنى چەكيان پێشێلكردوە.

 

چەندين جاريش نەتەوە يەكگرتوەكان و دەوڵەتانى ڕۆژئاوا و دەوڵەتانى عەرەبى داوايان لەلايەنە ناكۆكەكان كردوە كە شەڕەكان ڕاگرن و ڕوبەڕوى ڤايرۆسى كۆرۆنا ببنەوە بەڵام تائێستا هيچ لايەنێكيان گوێيان بەو داواكاريانە نەداوە.