گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەهەندێک وڵات سنورەکان هەڵدەگیرێن و لەهەندێکى تر تازە دادەخرێن

ئەوروپا؛ ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 160 هەزاری تێپەڕاند 

2020.05.13 - 18:49
ئەوروپا؛ ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 160 هەزاری تێپەڕاند 

ناس کورد-

بەپێچەوانەی کەمکردنەوەی ڕێکارەکانی قەدەغەی گشتی لە ئەوروپا بەتایبەتی پاش کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا لەو وڵاتانە، وڵاتانی عەرەبی لە ئامادە باشیدان بۆ توندکردنەوەی ڕێکارەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئەوەش بەهۆی هەڵکشانی ڕێژەی توشبووان بە پەتاکە لە وڵاتەکانیان.

 

 

لەئێستادا هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و نەمسا لە ئامادەباشیدان بۆ کردنەوەی سنوری نێوانیان لە 15ی ئەم مانگەدا، وڵاتی ئیتاڵیاش بڕیاریداوە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا دەرگای خۆێندنگاکان بەڕووی خوندکاراندا بکاتەوە.

 

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ژمارەی ئەو کەسانەى بەهۆى کۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە لە ئەوروپا گەیشتۆتە  160 هەزار و447 کەس.

 

بەپێی ئەو داتایانەی کە بڵاوکراونەتەوە لەوڵاتانی ئەوروپادا تائێستا ئیسپانیا زۆرترین ژمارەی توشبون بەکۆرۆنای تۆمارکردوە کە 271 هەزار و 95 توشبووە، هەروەها بەریتانیا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان بەکۆرۆنای تۆمارکردوە کە بەپێی ئامارەکانی دوێنێی وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا 38 هەزاری تێپەڕاندوە.

 

هاوکات بە گوێرەی دواین داتاکانی دەزگا تەندروستییەکانی ڕوسیا، ژمارەی توشبووان لەو وڵاتە 242 هەزار توشبووى تێپەڕاندووە.

 

لەئیسرائیل ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا گەیشتوەتە 16 هەزار و 539 توشبوو و 262 کەسیش بە پەتاکە گیانیانلەدەستداوە.

 

بە گوێرەی زانیارییەکان ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەردوو وڵاتی هیندستان و ئەندەنوسیا بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشانی بەخۆیەوە دیوە بە جۆرێک لە وڵاتی هیندستان لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە سێ هەزار و 500 حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە و  122 کەسیش لەو ماوەیەدا بە پەتاکە گیانیانلەدەستداوە، لە ئەندەنوسیاش لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا 689 حاڵەتی نوێی توشبوون بەڤایرۆسەکە تۆمارکراوە ولە ئێستادا ژمارەی توشبووان لەو وڵاتە 15 هەزاری تێپەڕاندوە.

 

هاوکات وڵاتی چین ئەمڕۆ (چوارشەممە) حەوت حاڵەتی نوێی بە پەتاکە  تۆمارکرد لە ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵاتی چین. لەوڵاتی بەرازیل لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر 800 حاڵەتی گیانلەدەستدان بە نەخۆشیەکە تۆمارکراوە بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە پەتاکە لەو وڵاتە گیانیانلەدەستداوە گەیشتوەتە 12 هەزار کەس.

 

هەرچی وڵاتە عەرەبییەکانە لە ئێستادا ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە هەڵکشاندایە بە جۆرێک لە ماوی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە وڵاتی سعودیە هەزار و 905 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە ئەوەش وایکردووە کۆی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە بگاتە 44 هەزار و 830 حاڵەت.

 

حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە وڵاتی کوەیت لەئێستادا گەیشتوەتە 273 حاڵەت، و لە وڵاتی عوممان ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە چوار هەزار حاڵەتی تێپەڕاند و 17 کەسیش تائێستا بە پەتاکە گیانیانلەدەستداوە.

 

کۆرۆنا پەتایەکی  ڤایرۆسی ترسناکە و لەکۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردودا لەشاری وهانی چین سەریهەڵدا کە تائێستا زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لەسەرتاسەری جیهاندا گیرۆدەی ئەو پەتایە بوون و زیاتر لە 294 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە.