گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باس لە دابەشکردنى مووچە بەر لەجەژنى ڕەمەزان دەکات

وتەبێژى حکومەتى هەرێم: مووچە بەپێى داهاتى هەرێم رێکدەخرێتەوە

2020.05.13 - 17:17
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: مووچە بەپێى داهاتى هەرێم رێکدەخرێتەوە

ناس کورد- 

جوتيار عادل وتەبێژى حكومەتى هەرێمى كوردستان ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەن پێش جەژن موچەى سەرجەم وەزارەتەكان دابين بكەن و جەختیشى كردەوە لە مانگەكانى دواتر دەبێت موچە ڕێكبخەنەوە بەپێى ئەو داهاتەى هەيە.

 

 

دواى كۆبونەوەى ئەمڕۆ (چوارشەممە)ى ئەنجومەنى وەزيران، جوتيار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێكى رۆژنامەوانيدا وتى، گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەر كراوە و تەوەرى يەكەم ئێمە وەك حكومەتى هەرێم هەرچى پێمان بكرێت ئەوەى لەبەردەستماندايە وەك داهات بۆ موچەى موچەخۆرانى حكومەتى هەرێمى كوردستان دابينى بكەين.

 

وتيشى، وەك هەموان دەزانن كە ئێستا دۆخى ئابورى هەرێمى كوردستان جياوازە لەو دۆخەى پێش بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا هەبوو، نرخى نەوت دابەزيوە ئەوەش سەرەڕاى ئەو لێكەوتە داراييانەى ڕوبەڕوى ناوچەكە و هەموو جيهانيش بوەتەوە.

 

وتەبێژى حكومەتى هەرێم وتى، ڕێوشوێنەكانى دژى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە قازانجى خەڵكدايە، بەڵام لە زيانى حكومەتە لەڕووى داراييەوە بۆيە دەمانەوێت خەڵك دڵنيا بكەينەوە كە ڕێكارەكان بۆ پاراستنى بەرژەوەندى گشتى و هاوڵاتيانى هەرێمە.

 

سەبارەت بە تەوەرى دوەم رونيكردەوە، باس لە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا كرا كە سێ بابەتى سەرەكى بون ئەوانيش، نەوت و بودجە و موچەى هەرێم، خۆشبەختانە گفتوگۆكان بەردەوام دەبن و دەستور وەك سەرچاوەى سەرەكى كێشەكانى نێوان هەرێم و بەغدايە و جەختمان كردوەتەوە لەسەر شايستە داراييەكانى هەرێم و هاوڵاتيانى هەرێم، دوبارە جەختى دەكەينەوە كە چۆن لە كۆتايى 2019 گەيشتينە چوارچێوەيەكى لێكتێگەيشت ئێمە پابەندين بەوەى كە داهاتى نەوتى هەرێم ڕادەست بكەين

 

هەرچى سەبارەت بە تەوەرى سێيەمە وتەبێژى حکومەتى هەرێم ئاماژەى بەوە کرد، باس لە چوار پڕۆژە ياسا كرا ئەوەش دەچێتە چوارچێوەى بەرژەوەندییەکانى خەڵك، وەك پڕۆژەكانى وەبەرهێنان و پڕۆژەكانى لەئەستۆگرتنى فەرمانبەران و پڕۆژەى ماف و ئەركەكانى نەخۆش و پڕۆژەى فڕۆشتن و بە كرێدانى موڵکەکانى دەوڵەت لە هەرێمى كوردستان.

 

جوتيار عادل لەوەڵامى پرسيارى ڕۆژنامەنوساندا سەبارەت بەوەى كە ئايا پێش جەژنى ڕەمەزان موچەى سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەكرێت ياخود نا، وتى "حكومەت هەرچى لەدەست بێت دەيكات بۆ دابينكردنى موچە، بەڵام دۆخى ئێستا جياوازە، ئەو بڕە پارەيەى پێشتر هەبوە ئێستا نەماوە و كورتهێنانێكى زۆرمان هەيە".

 

جەختیشى كردەوە، بۆ مانگەكانى داهاتوو دەبێت موچەكان ڕێكبخەينەوە بەپێى ئەو داهاتەى لەبەردەستى حكومەتە، هەوڵ دەدەين بەر لە جەژن هەموو وەزارەتەكان دابەش بكەين بەڵام ئەوەش لەسەر تواناى حكومەت بەندە كە چەند پارەى بۆ دابين دەكرێت.