گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشتر عادل عەبدولمەهدى لەپۆستەکەى لایبردبوو

عەبدولوەهاب ساعدی وەک سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەستبەکاربوو

2020.05.13 - 16:59
عەبدولوەهاب ساعدی وەک سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەستبەکاربوو

ناس کورد-

پاش ئەوەی بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق گەڕێندرایەوە دەزگای دژە تیرۆری عێراق و کرا بە سەرۆکی ئەو دەزگایە، ئەمڕۆ عەبدولوەهاب ساعدی، لە پۆستەکەی دەستبەکاربوو.

 

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13ئایاری2020) دەزگای دەژ تیرۆری عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە دەستبەکاربوونی فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی  كرد وەک سەرۆکی دەزگاکە.  

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای دژە تیرۆری عێراقدا هاتووە "ساعدی لە سەروبەندی دەستبەکاربوونیدا لە پۆستەکەی کۆبوونەوەی بە ئەفسەرانی دەزگاکە کردوە و لەکۆبوونەوەکەدا سوپاس وستایشی خۆپیشاندەران و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردوە". 

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، ساعدی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە دەزگای دژە تیرۆری عێراق لەم دۆخە هەستیارەی کەئێستادا عێراقی پیایدا گوزەر دەکات زیاتر ئەرکی سەرشانیان لە پاراستنی ئاسایشی عێراق و گیانی هاووڵاتیان قورستر بووە، بۆیە دەبێت هەمووان هەماهەنگ بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە ئابورییە و ئەمنییەی کە لەئێستادا بەرۆکی وڵاتی گرتوەتەوە.

 

 ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، عەبدولوەهاب ساعدی لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی تالیب شغاتی و عەبدولغەنی ئەسەدی هەردوو فەرماندەکانی پێشووی دەزگاکە کردووە.  

 

 ساعدی بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای دژە تیرۆری عێراق  وتویەتی "لە ئێستادا دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە قۆناغی پەرەپێدانی ئەرێنیدایە و دەبێت بە شێوەیەکی کرداری خاڵە لاوازەکان چارەسەر بکرێن".

 

پاش پێدانی متمانە بەکابینەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە، مستەفا کازمی لە یەکەم هەفتەی دەستبەکاربوونیدا و بەوتەى چاودێرانى سیاسى وەک ڕاکێشانی سۆزی خۆپێشاندەران و هەڵمژینی ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عێراقی کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد کە بە بۆچوونی  بەشێک لە چاودێرانی دۆخی عێراق بڕیارەکان تاڕادەیەکی زۆر بوێرانە بوون، کە بڕیارێکیان گەڕاندنەوەی عەبدولوەهاب ساعدی بوو بۆ دەزگای دژە تیرۆری عێراق و کردنی بە سەرۆکی دەزگاکە کە پێشتر ناوبراو لەلایەن عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لەو دەزگایە  دورخرابووەوە.