گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەفتەى داهاتوو قۆناغێکی دیکەى گفتوگۆ دەستپێ دەکات

وردەکاری نوێی دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا؛ ڕادەستکردنى نەوت و داهاتى گومرگ بەرانبەر 700 ملیار دینار

2020.05.13 - 15:24
وردەکاری نوێی دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا؛ ڕادەستکردنى نەوت و داهاتى گومرگ  بەرانبەر 700 ملیار دینار

ناس کورد-

چاوەڕواندەکرێت هەفتەى داهاتوو دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا لەبارەى موچە و نەوتەوە دەستپێبکەنەوە، بەوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق هەرێم داواى 700 ملیار دینار دەکات لە بەرانبەر ڕادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان.

 

بەدرێژایی چەند هەفتەى ڕابردوو سێ قۆناغى دانوستان لەنێوان هەرێم و بەغدا بەڕێوەچوون، دواى ئەوەى بەغدا لەمانگى ڕابردوودا پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى بڕى کە بڕەکەى 454 ملیۆن دۆلارى مانگانە بوو.

 

دانوستانەکان لەگەڵ کابینەى پێشووى حکومەتى عێراقدا بوون بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى بەڵام نەگەیشتن بە ئەنجام، دانوستانەکانى هەفتەى داهاتووش لەگەڵ کابینەکەى مستەفا کازمى دەبن دواى ئەوەى هەفتەى ڕابردوو کابینەکەى متمانەى لە پەرلەمان وەرگرت.

 

جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەرێمى کوردستان و بەغدا لە دانوستانەکاندا چەند داوایەکیان لەیەکتر هەبووە و وەڵامى یەکتریان داوەتەوە، دانوستانەکانى هەفتەى داهاتوو بۆ تاوتوێکردنى وەڵامەکان و گەیشتنە بەرێککەوتن".

 

وتیشى، "یەکێک لە داوا سەرەکییەکانى بەغدا زانینى ژمارەى ڕاستەقینەى فەرمانبەرانى هەرێم بووە، هەرێمیش ئەوەى ڕادەستکردووە، ئەوەش هەنگاوێکى باش بووە بۆ ئەوەى هەردولا نیازى خۆیان بۆ ڕێککەوتن نیشان بدەن".

 

داوایەکى ترى بەغدا لە هەرێم ڕادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان بووە، کە شاندى هەرێم ڕەزامەند بووە لەسەرى، بەجۆرێک پارەى گومرگ بەپێی دەستور نیوە بە نیوە دابەشبکرێت.

 

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، هەرێمى کوردستان داواى بڕى زیاتر لە 700 ملیار دینارى لە بەغدا کردووە، بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنى لەسەر نەکراوە.

 

هەرێمى کوردستان تا مانگى ئازار، مانگانە 454 ملیۆن دۆلارى لە بەغداوە بۆ دەهات کە لەگەڵ داهاتى ناوخۆ و نەوت، موچەى فەرمانبەرانى پێ دابین دەکرد، بەڵام بەهۆى بڕینى پارەکەى بەغداوە نزیکەى دوو مانگە نەیتوانیوە موچەى زۆربەى وەزارەتەکان دابەشبکات، بۆیە سورە لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا تا بتوانێت موچە دابەشبکات.

 

"هەرێم و بەغدا ناچارن بگەن بە ڕێککەوتن، هەرێم بەهۆى خراپى دۆخى دارایی و عێراقیش بەهۆى ئەوەى هەرێم بەشێک لە عێراق، چونکە ئەگەر وانەکات ئەوە دانپێدانانە بەو ڕیفراندۆمەى لە هەرێم کرا بۆ سەربەخۆیی،" جەمال کۆچەر وای وت.

 

تا ئێستا دیار نییە ئاڕاستەى دانوستانەکانى هەردوولا بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن، بەڵام بەوتەى جەمال کۆچەر ئاماژەى رێککەوتن هەیە، چونکە بەغدا ئەگەر ئەو پارەیەش بداتە هەرێم، لە داهاتى نەوت و گومرگەکان نیوەى ئەو پارەیەى دەستدەکەوێتەوە.

 

هەرێمى کوردستان بۆ دابەشکردنى موچەى مانگانەى فەرمانبەران پێویستى بە نزیکەى 900 ملیار دینارە، بەڵام ئێستا بەوتەى بەرپرسانى حکومەت داهاتى مانگانەى فرۆشتنى نەوت و ناوخۆ بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمبووەتەوە، بۆیە چاوى لە ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران.

 

زیاد جەبار، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "چاوەڕواندەکرێت لە هەفتەى داهاتووەوە شاندەکە بچێتەوە بەغدا و مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى نوێ لەم سەرەتایەوە نەرمى بنوێنێت رەزامەندى بدات لەسەر ناردنى پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەران، بەڵام هێشتا رێککەوتن لەسەر کێشەکان نەکراوە".  

 

وتیشى "هەرێم لە ئێستادا نزیکەى 305 ملیۆن دۆلارى لەبەردەستدایە و رۆژانەش ئەوەى دێتە بەردەستى موچەى پێ دابەشدەکات، هەرێم پێویستى زۆرى بە پارەکەى بەغدایە و ئەگەر نەینێرێت ناتوانرێت 30 رۆژ جارێک موچەى تەواوەتى دابەشبکرێت".