گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاوێژکارێکی کازمی: بۆ چارەسەری بودجە و موچە پڕۆژەیاسایەک ڕەوانەى پەرلەمان کراوە

2020.05.13 - 15:06
ڕاوێژکارێکی کازمی: بۆ چارەسەری بودجە و موچە پڕۆژەیاسایەک ڕەوانەى پەرلەمان کراوە

ناس کورد-

ڕاوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاشكرای دەكات، بەمەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی ئەمساڵ و دەسەڵاتدان بە حكومەت، پڕۆژەیاسایەك ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق كراوە.

 

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عێراق بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، حكومەت پڕۆژەیاسایەكی پێشكەشی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بداتێ بتوانێ لە دەرەوە و ناوەوە قەرز بكات و سویلەی دارایی زیاتر بەدەستبهێنیت بەمەبەستی چارەسەركردنی كورتهێنان لەكاتە پێویستەكاندا.

 

دەشڵێت، قەرزەكە بەهۆی ئەو تەنگەژە ئابورییەوەیە كە وڵاتی پێیدا تێپەڕدەبێت بۆ چارەسەركردنی كورتهێنان لە داهات بۆ خەرجییە جێگیرییەكان بەتایبەت خەرجییە بەركاربەرەكان لە بودجەدا.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، چوارچێوەیەكی یاسایی نییە لەبەردەستی حكومەتتدا بۆ وەرگرتنی قەزری دەرەكی و ناوخۆیی بەهۆی ئەوەی بودجەی ساڵی 2020 فیدڕاڵ پەسەند نەكراوە.

 

باسی لەوەش كردووە، قەزری ناوخۆیی و دەرەكی بەپێی ڕێزبەندی بودجەی ساڵی 2020 دەكرێت یاخود لەبری حسابی كۆتایی ساڵ دەكرێت ئەوەش وەكو واقیع حاڵێك.

 

ڕاوێژكارەكەی سەرۆكوەزیران ئەوەشی خستووەتەڕوو، قەرزە دەرەكییەكان بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان و پڕۆژە تەواونەكراوەكان دەبێت، قەرزە ناوخۆییەكانیش بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی بەكاربردن دەكرێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی حكومەت لە موچە و خەرجیەكانی دیكە.

لەئێستادا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسایەكەی پەسەندكردووە و ڕەوانەی پەرلەمانی كردووە بۆ تاوتوێكردنی، مەبەستی سەرەكیش لەو پڕۆژەیاسایە پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی ساڵی 2020ـە.