گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتى هەرێم پلانى دابەشکردنى خۆراکى ڕاگەیاند.. ئەى پارە؟

2020.05.13 - 12:10
حکومەتى هەرێم پلانى دابەشکردنى خۆراکى ڕاگەیاند.. ئەى پارە؟

ناس کورد-

وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا سەبەتەى خۆراکى حکومەت بەسەر هاوڵاتیانى هەژار و کەمدەرات دابەشدەکرێت.

 

کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، فۆڕمێک دابەشکراوە بەسەر پارێزگاکان و لیژنەیەکى پارێزگاکان خەڵکانى هەژاریان دیاریکردووە، بۆ ئەوەى سەبەتەى خۆراکیان بەدەست بگات.

 

وتیشى، "مەرجەکان ئەوە بووە ئەو کەسانە موچەیان نەبێت و خاوەنى خانوو نەبن، لەگەڵ چەند مەرجێکى دیکە کە لەلایەن لیژنەى پارێزگاکانەوە دیاریکراون".

 

باسى لەوەشکرد، کۆى ئەو خۆراکەى دابینکراوە پێکهاتووە لە، 10 هەزار تۆن ئارد، چوار ملیۆن لیتر زەیت، هەزار تۆن نیسک، 120 هەزار قوتو دۆشاوى تەماتە.

 

وەزیرى بازرگانى باسى لەوەشکرد، خۆراکەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارەکاندا دابەشدەکرێن، 70 هەزار بۆ هەولێر، پەنجا هەزار بۆ سلێمانى، پەنجا هەزار بۆ دهۆک، هەشت هەزار بۆ هەڵەبجە، دە هەزار بۆ ئیدارەى گەرمیان، 12 هەزار بۆ ڕاپەرین.

 

ئەوەشى خستەڕوو، گواستنەوەى خۆراکەکان بۆ ناوچەکان دەستیپێکردووە و لە چەند ڕۆژى داهاتوودا دەگەیەنرێتە دەست کەسانى هەژار.

 

لەبارەى دەنگۆى دابەشکردنى پارە لەگەڵ خۆراکەکەدا، وەزیرى بازرگانى وتى کە ئاگادارى شتى وا نییە.