گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هێشتا بڕینى بەشێک لە موچەى پلە باڵاکان نەبووەتە بڕیار

دارایی پەرلەمانى کوردستان: چاوەڕێ دەکرێت کازمى بۆ ناردنى موچە نەرمى بنوێنێت

2020.05.13 - 11:12
دارایی پەرلەمانى کوردستان: چاوەڕێ دەکرێت کازمى بۆ ناردنى موچە نەرمى بنوێنێت

ناس کورد-

سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیران نەرمى نیشان بدات بۆ ناردنى موچەى فەرمانبەران و دەشڵێت، هێشتا بڕینى بەشێکى موچەى پلە باڵاکان و جێبەجێکردنى بۆ ئەم مانگە نەبووەتە بڕیار.

 

لەدواى بڕینى پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە لەمانگى ڕابردوودا، شاندى هەرێم چەند جارێک چووەتە بەغدا و دانوستانى لەگەڵ دەسەڵاتدارانى عێراق کردووە لەو بارەیەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە رێککەوتن بۆ چارەسەرى کێشەکان.

 

زیاد جەبار، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "چاوەڕواندەکرێت لە هەفتەى داهاتووەوە شاندەکە بچێتەوە بەغدا و مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى نوێ لەم سەرەتایەوە نەرمى بنوێنێت رەزامەندى بدات لەسەر ناردنى پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەران، بەڵام هێشتا رێککەوتن لەسەر کێشەکان نەکراوە".

 

شاندى هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەغدا رەزامەندى نیشانداوە لەسەر ڕادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتى گومرگەکان، بەڵام هێشتا لەسەر ئەو بڕە پارەیە ڕێکنەکەوتوون کە پێویستە بەغدا بیداتە هەرێم لەبەرانبەر ئەو هەنگاوەدا.

 

هەرێمى کوردستان تا مانگى ئازار، مانگانە 454 ملیۆن دۆلارى لەبەغداوە بۆ دەهات کە لەگەڵ داهاتى ناوخۆ و نەوت، موچەى فەرمانبەرانى پێدابیندەکرد، بەڵام بەهۆى بڕینى پارەکەى بەغداوە نزیکەى دوو مانگە نەیتوانیوە موچەى زۆربەى وەزارەتەکان دابەشبکات.

 

ماوەى چەند هەفتەیەکە هەرێم دەستیکردووە بە دابەشکردنى موچەى چەند وەزارەتێک، بەڵام هێشتا زۆربەى وەزارەتەکان موچەیان پێنەدراوە.

 

زیاد جەبار وتى، "هەرێم لە ئێستادا نزیکەى 305 ملیۆن دۆلارى لەبەردەستدایە و رۆژانەش ئەوەى دێتە بەردەستى موچەى پێ دابەشدەکات، بەڵام پارەکە بەشى تەواوى موچەى فەرمانبەران ناکات".

 

هەرێمى کوردستان بۆ دابەشکردنى موچەى مانگانەى فەرمانبەران پێویستى بە نزیکەى 900 ملیار دینارە، بەڵام ئێستا بەوتەى بەرپرسانى حکومەت داهاتى مانگانەى فرۆشتنى نەوت و ناوخۆ بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمبووەتەوە.

 

بۆ دابینکردنى پارەى زیاتر، حکومەتى هەرێم چەند رێوشوێنێکى گرتووەتە بەر لەناویاندا کەمکردنەوەى 50%-80%ى موچەى پلە باڵاکان، بەڵام بەوتەى زیاد جەبار هێشتا ئەوە بەتەواوى نەبووەتە بڕیار کە لەم مانگەوە جێبەجێبکرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە رەنگە لەمانگى داهاتووەوە بریارى لەسەر بدرێت و بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

وتیشى، "ئەوە لە چوارچێوەى کۆمەڵێک هەنگاودایە بۆ باشکردنى دۆخى دارایی، بەڵام هێشتا هەرێم پێویستى زۆرى بە پارەکەى بەغدایە و ئەگەر نەینێرێت ناتوانرێت 30 رۆژ جارێک موچەى تەواوەتى دابەشبکرێت".