گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ئۆتۆمبێلەکە وەکو شەبەح تێپەڕى’’

وردەکاری ڕووداوەکەى هەولێر.. سەر و قاچى یەکێکیان لەدورى 200 مەتر کەوتووە

2020.05.13 - 09:52
وردەکاری ڕووداوەکەى هەولێر..  سەر و قاچى یەکێکیان لەدورى 200 مەتر کەوتووە

ناس كورد-

وتەبێژى هاتوچۆى هەولێر وردەکاریی ڕووداوەکەى درەنگانى شەوى ڕابردووى بۆ ناس کورد ئاشکراکرد کە تێیدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا بەهۆى شێلانیان لەلایەن ئۆتۆمبێلێکەوە کە بەخێراییەکى زۆر دەڕۆیشت.

 

ڕووداوەکە درەنگانى شەوى ڕابردوو لە شەقامى 100 مەترى هەولێر ڕوویدا، کاتێک لەبەردەم شوێنی ترافیك لایتی عەینكاوه‌ی پێشوو ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆز ڕه‌نگی ڕه‌شی تایبه‌ت، خۆى کێشا بە سێ کەس و چەند ئۆتۆمبێلێکی تردا.

 

فازڵ حاجى، وتەبێژى هاتوچۆى هەولێر بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ئۆتۆمبێلەکە پێنج کەسى تێدا بووە، بەخێرایی 200 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ڕۆیشتووە و خۆى کێشاوە بە سێ کەسدا و دەستبەجێ دوانیان گیانیان لەدەستداوە".

 

ئەو سێ کەسە کە هێشتا ناسنامەیان ئاشکرانەکراوە لەکاتى رووداوەکە بە پیادە بەو شوێنەدا ڕۆیشتوون، پێش ئەوەى ئۆتۆمبێلەکە بەخێراییەکى زۆر خۆى پێیاندا بکێشێت.

 

بەوتەى فازڵ حاجى، ئەو دوو کەسە تەمەنیان لە 25 ساڵ بەسەرەوە بووە و پێدەچێت خێزاندار بووبن. بەبێ ئەوەى زانیارى زیاتر لەبارەیانەوە ئاشکرابکات.

 

بەپێی ئەو وێنانەى بڵاوکراونەتەوە، تەرمى دووان لەو سێ کەسە لە نزیک ئۆتۆمبێلەکە دەبینرێت کە لە پارچەیەک قوماش داپۆشراون و ئۆتۆمبێلەکەس زیانى ماددى پێگەیشتووە.

 

فازڵ حاجى باسى لەوەکرد، ئەو کەسانەى لەناو ئۆتۆمبێلەکە بوون بە شۆفێرەکەوە پێنج گەنج بوون، دوانیان بە سوکى برینداربوون، بەو پێیەى ئۆتۆمبیلەکە خۆى بە چەند ئۆتۆمبیلێکى دیکەشدا کێشاوە و زیانى ماددیان پێگەیشتووە.

 

دواى رووداوەکە شۆفێرى ئۆتۆمبێلەکە هەڵهاتووە و ئۆتۆمبێلەکەى لە شوێنەکە بەجێهێشتووە، ئەوەش ئەرکى پۆلیسى ئاسان کردووە بۆ کۆکردنەوەى زانیارى لەبارەیەوە، هەرچەندە شوێنەکە هیچ کامێرایەکى چاودێرى لێ نییە.

 

فازڵ حاجى وتى، "دواى نزیکەى کاتژمێرێک لە ڕووداوەکە باوکى شۆفێرەکە، کوڕەکەى ڕادەست کردووە".

 

بەپێی خەمڵاندنەکانى پۆلیسى هاتوچۆى هەولێر، خێرایی ئۆتۆمبێلەکە لەو کاتەدا 200 کیلۆمەتر بووە لە کاتژمێرێکدا، بۆیە ئەو رووداوە گەورەیەى لێکەوتووەتەوە.

 

"سەر و قاچى یەکێک لەوانەى گیانى لەدەستداوە، 200 مەتر لە شوێنى ڕووداوەکە پەڕیوە، ئەوەش دەریدەخات کە خێراییەکەى کەمتر نەبووە لە 200،" فازڵ حاجى وایوت.

 

باسى لەوەشکرد، لەنزیک شوێنەکە بنکەیەکى ئاسایشى لێیە، یەکێک لە پاسەوانەکان وتویەتى ئۆتۆمبێلەکە ئەوەندە خێرا بووە وەکو شەبەح هاتووەتە بەرچاوى کاتێک بەو شوێنەدا تێپەڕیوە.

 

لە ئێستادا دۆسیەى ئەو رووداوە لە پۆلیس و پۆلیسى هاتوچۆى هەولێرە و بەپێی یاساى هاتوچۆ مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت.

 

بەپێی ماددەى 24 ى یاساى هاتوچۆ لەهەرێمى کوردستان، هەرکەسێك ببێته هۆکارى مردنى زیاتر لە کەسێك له ئەنجامى لێخورینى ئۆتۆمبێل لەبەر ڕەچاونەکردنى یاساکان و سیستەمەکان، لەنێوان حەوت بۆ 20 ساڵ زیندانى دەکرێت، بەپێی جۆرى حاڵەتەکە، لەگەڵ سزاى پێبژاردن لەنێوان یەک ملیۆن و 500 هەزار بۆ حەوت ملیۆن دینار.

 

وتەبێژى هاتوچۆى هەولێر ڕەخنەى لە یاساکە هەیە و دەڵێت پێویستە هەمواربکرێتەوە، یاخود ئەو جۆرە تاوانانە بەپێی یاساى تاوانکارى مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت نەک یاساى هاتوچۆ، بۆ ئەوەى سزاکە قورستر بێت تا رووداوى لەو شێوەیە دوبارە نەبێتەوە.

 

me_ga.php?id=102me_ga.php?id=103me_ga.php?id=104