گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’سوربوونی پارتی لەسەر فواد حسێن نالۆژیکییە’’

هاوپەیمانی نەسر: پێداگری پارتی لەسەر کاندیدکردنی فواد حسێن کابینەکەى کازمی دوادەخات

2020.05.12 - 18:43
هاوپەیمانی نەسر: پێداگری پارتی لەسەر کاندیدکردنی فواد حسێن کابینەکەى کازمی دوادەخات

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی نەسر ڕایگەیاند، پێداگرتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر کاندیدکردنی فواد حسێن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوە ڕەوڕەوەی تەواوکردنی کابینەکەی کازمی دوادەخات.

 

نەدا شاکر جەودەت، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسری سەر بە حەیدەرعەبادی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کورد لە بارەی سوربوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر کاندیدکردنی فواد حسێن، وەزیری پێشووی دارایی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوە لە کابینەکەی کازمیدا وتی: "لە ئێستادا هەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراقی جەخت لەوەدەکەنەوە کە نابێت هیچ وەزیرێکی کابینەی پێشوو لە کابینەکەی کازمیدا دوبارە بێتەوە، پارتیش خۆی ئەوە باش دەزانێت بۆیە گرنگە پارتی هەمان هەڵویستی هەبێت".

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پارتی چەندینجار جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە فواد حسێن تاکە کاندیدی پارتییە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە.

 

دواترینیان لێدوانی ئەمڕۆی ڤیان سەبری، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتی بوو لە پەرلەمانی عێراق کە وتی، وەزارەتی دەرەوە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێت و كاندیدەكەشی یەكلابووەتەوە، كە ئەویش فواد حسێنە.

 

هەفتەى ڕابردوو پەرلەمانی عێراق متمانەى بە کابینەکەى کازمی دا و 15 لە وەزیرەکانیشی متمانەیان وەرگرت، بەڵام حەوت وەزارەتیان ماون کە یەکلایی ببنەوە.

 

ڤیان سەبری وتیشی، بڕیارە پێش جەژن سەرۆکوەزیرانی نوێ کاندیدی ئەو ئەو وەزارەتانەی ماون پێشكەش بكات و پەرلەمانیش دەنگیان لەسەر بدات، كە وەزارەتی دەرەوە بەر پارتی دەكەوێت و كاندیدەكەشی فواد حسێنە.

 

بەڵام نەدا شاکر جەودەت پێی وایە "بەربژێرکردنی کەسایەتییەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان کاری پەرلەمانتاران نییە، بەڵکو ئەوە کاری لایەنە سیاسییەکانە، ئەوانیش بڕیاری ئەوە دەدەن کێ دەبێت پەسەند بکرێت یان دوربخرێتەوە".

 

بەبڕوای پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی نەسر پێداگری پارتی لەسەر دووبارە کاندیدکردنەوەی فواد حسین کۆسپ لە پێش تەواوکردنی کابینەی کازمیدا دروستدەکات، چونکە لایەنەکانی دیکە ڕازی نابن بە شکاندنی ئەو ڕێکارەی کە ڕێککەوتون لەسەری بۆ دوورخستەوەی ئەو کەسانەی کە لە کابینەی پپشوودا بوون لە کابینەکەی کازمی".  

 

جەودەت، ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوان هیچ تێبینییەکان لە سەر فواد حسێن نییە، بەڵام دووبارەنەکردنەوەی وەزیرەکانی کابینەی پێشوو لە کابینەکەی کازمیدا هەموو لایەنەکان لەسەری سازاون.

 

" کاری زۆر و ئەستەم لە پێش حکومەتەکەی کازمیدا هەیە، بۆیە دەبێت هەموومان هاوکاربین بۆ ئەوەی لەماوەی ئەم حکومەتەدا هیچ نەبێت بەشێک لە قەیرانەکان و کێشەکانی عێراق چارەسەربکرێت و نابێت حکومەت لە بەرهەندێ کاری لاوەکی کارە لە پێشینەکانی دوابکەوێت".

 

جەودەت وتیشی: "پارتی دەیان کەسایەتی باش و بەتوانیان هەیە کە دەتوانن بۆ ئەو پۆستە بەربژێری بکەن، سوربوون لە سەر کەسایەتییەک هیچ لۆجێکی تێیدا نییە".

 

بە گوێرەی چەند نوسراوێکی فەرمی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ڕۆژی 8ی ئەم مانگە دەرچوون و  واژۆی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان لەسەرە، کازمی بڕیاری داوە بەپێی مادەی 78ی دەستووری عێراق خۆی ئەرکی وەزیری دەرەوە ڕاپەڕێنێت تاوەکو وەزیری دەرەوە دەستنیشان دەکرێ.