گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توێژینەوەیەکى ژاپۆنى هۆشدارى دەدات لە بەستنى دەمامک لە وەرزی هاویندا

2020.05.12 - 13:54
توێژینەوەیەکى ژاپۆنى هۆشدارى دەدات لە بەستنى دەمامک لە وەرزی هاویندا

ناس کورد-

ئاژانسێکى ژاپۆنى بە پشتبەستن بە توێژینەوەیەکى پزیشکى ئەو وڵاتە ئاشکراى کرد، بەستنى دەمامک لە وەرزی هاوین و لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و ئەگەری هەیە خاوەنەکەی دوچاری مردن بکاتەوە. 

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی" کیۆدۆ"ی ژاپۆنی، ژمارەیەک پزیشکی پسپۆڕ لەبواری نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لە وڵاتی ژاپۆن هۆشیداری ئەوەیانداوە کە پۆشینی دەمامک بە مەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوەرزی هاویندا و لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا مرۆڤ دوچاری کێشەی تەندروستی مەترسیدار دەکاتەوە و ئەگەریشی هەیە خاوەنەکەی ڕوبەڕووی مردن بکاتەوە.

 

  یاسۆفۆمی میاکی، سەرۆکی ناوەندی خزمەتگوزاری لەناکاوی نەخۆشخانەی "تیکۆ"ی ژاپۆنی لەو بارەیەوە بە ئاژانسی "کێۆدۆ"ی وڵاتەکەی وتووە "پۆشینی دەمامک لە وەزری هاوین مەترسی گەورە دەخاتە سەر تەندروستی ئەو کەسانەی کە بەکاریدەهێنن".

 

میاکی، ئەوەی ڕوونکردوەتەوە :"لەوەرزی هاویندا پلەکانی گەرما هەڵدەکشێن و ڕێژەی شێ لە کەشدا زیاد دەکات ئەوەش وادەکات لەکاتی بەستنى دەمامک سییەکانی مرۆڤ توانای ئەوەیان نەبێت بەشێوەیەکی باش هەوای سارد هەڵمژن کە ئەوەش زۆر گرنکە بۆ کارکردنی کۆئەندامی هەناسەدان".  

 

ئەو پزیشکە ژاپۆنییە، ئاماژەی بەوە کردووە" بەستنى دەمامک لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ 34 پلەی سەدی کۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤ دەخاتە ژێر فشارێکی سەختەوە، چونکە ڕێگرتن لەچونەژورەوەی هەوای سارد دەکات بۆ سییەکان ئەوەش وا دەکات ماسولکەکانی کۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤ لاوازبن".

 

میاکی، ئەوەشی خستوەتە ڕوو "قەتیسبوونی هەوای گەرم لەناو سییەکاندا دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشی مرۆڤ کە ئەوەش وادەکات مرۆڤ توشی هەناسە سواری بێت".

 

پزیشکە ژاپۆنییەکە، ئامۆژگاری ئەو کەسانەی کرد کە لەوەرزی هاویندا کاردەکەن و زۆر دەچنە دەرەوە کە دەبێت ئاوی سارد زۆر بخۆنەوە و هەوڵیش بدەن بەبەردەوامی ئامێرەکانی فێنککەرەوە بەکاربهێنن.

 

هاوکات نۆریۆکی کۆبیببۆچی، پسپۆڕی زانستی فەرمانەکانی ژینگە لە زانکۆی" گۆنما"لەو باریەوە دەڵێت " لەوەرزی هاویندا دەموچاوی مرۆڤ لەبەر ئەوەی زۆر هەستیارە زیاتر دوچاری کێشەی تەندروستی دەبێتەوە بۆیە لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا بەراورد بە بەشەکانی دیکەی جەستە زیاتر کێشەی بۆ دروست دەبێت".

 

کۆبیببۆچی، وەک ئامۆژگارییەک بۆ ئەو کەسانەی کە ناچارن لە وەزی هاویندا دەمامک ببەستن دەڵێت " بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمای جەستە پێویستە بەردەوام دەموچاو ناوچەی مل بەبەردەوامی  بەئاوی سارد فینک بکرێتەوە".