گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشنیازێکى سەرۆکى پەرلەمان بۆ پاشەکەوتکردنى بەشێک لە موچەى فەرمانبەران ئاشکراکرا

2020.05.12 - 13:09
پێشنیازێکى سەرۆکى پەرلەمان بۆ  پاشەکەوتکردنى بەشێک لە موچەى فەرمانبەران  ئاشکراکرا

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، سەرۆکى پەرلەمان پێشنیازیکردووە بەشێک لە موچەى فەرمانبەران پاشەکەوت بکرێت.

 

 

جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە "موچەى فەرمانبەران تاڕادەیەک بۆ مانگى ئایار گرەنتیکراوە".

 

وتیشى "پێویستە وەزارەتى دارایی رەچاوى خشتەکانى پێشوو بکات و پێش هاتنى جەژن موچە دابەش بکات".

 

لەبارەى ئەگەرى پاشەکەوتکردنى موچەوە، جەمال کۆچەر پێشنیازێکى سەرۆکى پەرلەمانى ئاشکراکرد بۆ بڕینى 10%ى موچەى فەرمانبەران وەکو پاشەکەوتى ناچاریی تا کۆتایی ئەمساڵ.

 

وتیشى "ئەو بڕینە تا ئێستا تەنها پێشنیازە و پێویستى بە داڕشتنى یاسا یان بڕیار هەیە بە رەزامەندى حکومەت و دەنگدانى پەرلەمان، لەبەرئەوەى موچە بەپێی یاسا ڕێکخراوە".

 

بەوتەى جەمال کۆچەر، بانکى ناوەنى دەکرێت قەرز بدات بە حکومەت، لەبەرئەوەى بەپێی پلەبەندى بانکەکان، بانکى ناوەندى لە بارودۆخێکى باشدایە و دەتوانێت چارەکێک ملیار دۆلار بداتە حکومەت بەبێ ئەوەى کاریگەرى لەسەر بەهاى دراو دروست بکات".

 

باسى لەوەشکرد، چاوەڕواندەکرێت بودجەى 2020 لە دوو هەفتەى داهاتوودا لە ئەنجومەنى وەزیران تاوتوێ بکرێت، لەگەڵ بوونى گۆڕانکارى لە نرحى نەوتدا و دۆسیەى تەندروستى و پرسى کۆرۆنا کە پێویستە لەبەرچاوبگیرێن و بکرێنە چوارچێوەى بودجەوە.

 

بەهۆى هاڕەى نرخى نەوتەوە، عێراق روبەڕووى کورتهێنانى گەورە بووەتەوە و زۆربەى زۆرى ئەو داهاتەى لەدەستداوە کە بەهۆى فڕۆشتنى نەوتەوە دەستیدەکەوت، بەو هۆیەشەوە دابەشکردنى موچە کێشەى تێکەوتووە.

 

دوێنێ (دووشەممە) عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە پەیامێکدا بۆ موچەخۆران جەختیکردەوە لە هەوڵدان بۆ دابەشکردنى موچەى تەواو، بەو پێیەى پێشبینی باشتربوونی نرخی نەوت دەکەن.  

 

ئاماژەى بەوەشکرد"ئەم حکومەتە توشی قەیرانی جدی بووەتەوە، دەوڵەت پێویستی بە چاکسازی هەیە لە بواری ئابورییدا."