گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەموویان لەناو ئۆتۆمبیلێکدا بوون

وردەکاریی شەهیدبوونى ژن و پیاوێک و رزگاربوونى منداڵەکەیان لە خانەقین

2020.05.12 - 11:29
وردەکاریی شەهیدبوونى ژن و پیاوێک و رزگاربوونى منداڵەکەیان لە خانەقین

ناس کورد-

عەلى فەرمان و هاوسەرەکەى درەنگانى شەوى ڕابردوو بوونە ئامانجى بۆسەیەکى چەکدارانى داعش و شەهیدکران، بەڵام منداڵە پێنج ساڵانەکەیان ڕزگارى بوو.

 

ئەوە دواین کردەوەى توندوتیژیی چەکدارانى داعشە لە سنورى ناوچە جێناکۆکەکان، کە ماوەیەکە روویان لە زیادبوون کردووە.

 

عەلى و هودا کەنعانى هاوسەرى و زەهراى منداڵە پێنج ساڵانەکەیان لەناو ئۆتۆمبیلێکى تەکسیدا بوون لەرۆژئاواى خانەقین کاتێک درانە بەر دەستڕێژى گولـلە.

 

سەرچاوەیەکى سەربازى لە خانەقین بە ناس کوردى ڕاگەیاند، عەلى و هاوسەرەکەى و منداڵەکەیان بەڕێگاوەبوون بۆ گوندى تەفرەقە لە رۆژئاواى خانەقین کاتێک کەوتونەتە کەمینێکى چەکدارانى داعشەوە.

 

وتیشى "عەلى و هاوسەرەکەى لەلایەن چەکدارەکانەوە شەهیدکراون، بەڵام منداڵەکەیان زیانى پێنەگەیشتووە و سەلامەتە".

 

دواى ماوەیەکى کەم لە رووداوەکە، زەهرا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دۆزرایەوە، لەسنورى گوندى تەفرەقە کە لەژێر کۆنتڕۆڵى هێزەکانى حەشدى شەعبیدایە.

 

سەرچاوەکە وتى "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە، بەتایبەت کە منداڵەکەیان زیانى پێنەگەیشتووە و دەیانەوێت بگەن بە وردەکاریی زیاتر لەو بارەیەوە".

 

بەگوێرەى وێنەیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت کە عەلى جلوبەرگى سەربازى لەبەردایە، هاوشێوەى ئەو جلوبەرگەى هێزەکانى پێشمەرگە دەیپۆشن.

 

سەرچاوەیەکى دیکەى سەربازى لە سنورى خانەقین بۆ ناس کورد پشتڕاستیکردەوە "عەلى پێشمەرگەیە و سەر بە هێزەکانى پشتیوانى دووە".

 

بەڵام جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، هێشتا وردەکاریی رووداوەکەیان لەلا نییە، ئەوەندەى لەلایانە ئەوەیە، کە ئۆتۆمبیلێکى جۆرى تەکسى ژن و پیاوێک و منداڵێکى تێدا بووە کە کوردن، تەقەیان لێکراوە.

 

وتیشى "هەرچەندە دەوترێت پیاوەکە پێشمەرگەیە، بەڵام تا ئێستا لەوە دڵنیانەبووینەتەوە، هیچ بروسکەیەکى فەرمیشمان پێنەگەیشتووە لەو بارەیەوە لە وەزارەتەوە".

 

لەماوەى دوو رۆژدا ئەمە چوارەم کەسە کە لەلایەن چەکدارانى داعشەوە لەسنورى خانەقین شەهیدبکرێن، دوێنێ تەرمى دوو کەس دۆزرایەوە لە سنورى خانەقین دواى ئەوەى داعش بەرەو شوێنى نادیار رفاندبوونى.

 

کردەوە توندوتیژییەکانى داعش بەم دواییانە لەچەندین ناوچەى عێراق لەناویاندا ناوچە جێناکۆکەکان روویان لە زیادبوون کردووە، سەرەڕاى ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانى هێز عێراقییەکان لەو بارەیەوە.

 

کشانەوەى پێشمەرگە لەو ناوچانە لەدواى روواوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 و پچڕانى هەماهەنگى سەربازى لەگەڵ سوپاى عێراق و دروستبوونى بۆشایی ئەمنى، هەلێکى گەورەى بۆ داعش رەخساند کە لەو ناوچانە دەست بە جموجۆڵ بکاتەوە.

 

بەرپرسانى وەزارەتى پێشمەرگە لەو کاتەوە تا ئێستا داوا لە عێراق دەکەن بەهاوبەشى ئەو ناوچانە بپارێزن، بەڵام تا ئێستا بەغدا رەزامەندى لەو بارەیەوە نەداوە، سەرەڕاى دروستکردنى چەندین لیژنەى هاوبەش لەو بارەیەوە.