گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ماڵئاوا چارەسەرى سیحرى ..توێژینەوەیەک مشتومڕى دەرمانى مەلاریاى بۆ کۆرۆنا یەکلاکردەوە

2020.05.12 - 10:50
ماڵئاوا  چارەسەرى سیحرى ..توێژینەوەیەک مشتومڕى دەرمانى مەلاریاى بۆ کۆرۆنا یەکلاکردەوە

ناس کورد-

توێژینەوەیەکى نوێ کە گەورەترین توێژینەوەى لەو شێوەیەیە، مشتومڕەکانى لەبارەى دەرمانى هيدروكسى كلوروكين یەکلاکردەوە، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا وەک چارەسەرى سیحرى ڤایرۆسى کۆرۆنا ناساندویەتى.

 

 

بەگوێرەى توێژینەوەکە کە لە گۆڤارى زانستى پزیشکى ئەمریکى بڵاوکراوەتەوە، ئەو دەرمانە کە بۆ چارەسەرى مەلاریا بەکاردەهێنرێت، کارا نییە بۆ چارەسەرى کۆرۆنا.

 

توێژینەوەیەکى دیکە رۆژى (پێنجشەممە)ى ڕابردوو لە گۆڤارى "نيو ئینغلاند"ى پزیشکى بڵاوکراوەتەوە ئەوەى دەرخستووە کە ئەو دەرمانە بەرەنگارى ڤایرۆسەکە نابێتەوە، ئەوەش بەپێی تۆڕى CNN.

 

پێش بڵاوکردنەوەى ئەو راپۆرتە، دامەزراوەى خۆراک و دەرمانى ئەمریکا و پەیمانگاى نیشتیمانى تەندروستى، هۆشداریاندا لەبارەى بەکارهێنانى ئەو چارەسەرە بۆ نەخۆشانى کۆرۆنا.

 

توێژەرەوان لەدواین توێژینەوەدا کە لەزانکۆى ئەلبانى لە ویلایەتى نیویۆرک ئەنجامیانداوە، پشکنینیان بۆ 1438 توشبووى کۆرۆنا کردووە کە لە 25 نەخۆشخانەى نیویۆرک داخڵکراون.

 

توێژەرەوەکان بۆیان دەرکەوتووە کە رێژەى مردن لەناو توشبووەکاندا کە هيدروكسى كلوروكين بەکاردەهێنن هاوشێوەى ئەوانەیە کە ئەو دەرمانە بەکارناهێنن.

 

لەگەڵ ئەوەشدا دەرکەوتووە کە ئەوانەى ئەو پێکهاتە دەرمانییە بەکاردەهێنن ئەگەرى روودانى جەڵتەى دڵ تێیاندا زیادیکردووە، ئەوەش جەختکردنەوەیە لەسەر کێشەکانى دڵ وەکو کاریگەرى لاوەکى بەکارهێنانى ئەو دەرمانە، سەرەڕاى کارانەبوونى بۆ چارەسەرى ڤایرۆسەکە.

 

دیفید هولتغريف راگرى کۆلێژى تەندروستى گشتى لە زانکۆى ئەلبانى دەڵێت "گرنگترین شت کە پێیگەیشتووین ئەوەیە توێژینەوەکە زۆر هاوڕایە لەگەڵ ڕێنماییەکانى پێشووى دامەزراوە تایبەتمەندەکان کە لەو بارەیەوە دەرکراون".

 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا زیاد لە 17 جار ئەو دەرمانەى بە چارەسەرى سیحرى ناوبردووە، سەرەڕاى ئەو هۆشدارییانەى دەدرێت لەبارەى دەرمانەکەوە.