گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەواتە ئێران هەژموونەکەى لە عێراق لەدەستداوە وا ئەندامانی ’’میلیشیاکانی نزیکی تاران’’ دەستگیردەکرێن

2020.05.11 - 23:36
App store icon Play store icon Play store icon
کەواتە ئێران هەژموونەکەى لە عێراق لەدەستداوە وا ئەندامانی ’’میلیشیاکانی نزیکی تاران’’ دەستگیردەکرێن

ناس کورد-

ماڵپەڕێکی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بە کوشتی قاسم سلێمانی، هەژموونی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراقدا لاوازبووە، ئەوەش وایکردووە کە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق تاڕادەیەک دەستکراوەبێت لە ئیدارەدانی وڵاتەکەی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەری "بلومبێرگ"ئەمریکی، دەستگیرکردنی پێنج ئەندامی  بزوتنەوەی (ثأر الله) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری بەسرەوە بە فەرمانێکی ڕاستەوخۆی کازمی بە تۆمەتی دەستڕێژی گولـلە بۆ سەر خۆپیشاندەران و کوشتی خۆپیشاندەرێک لە ئاکامی خوپێشدانەکانی ئێوارەی دوێنی یەکشەممە هەنگاوێکی بوێرانە بوو.

 

بزووتنەوەی "ثأر الله" لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە سەرپەرشتی ئێران دروستکراوە وکاری سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە تیرۆرکردنی ئەندامانی ڕژێمی پێشووی عێراق بووە، دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی 2003 بزووتنەوەکە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت هەژموونی خۆی سەپاندووە لە  کۆنتڕۆڵکردنی پڕۆسەی بەقاچاخبردنی نەوتی بەسرە  و هەژموونی بەسەر کاییە ئابورییەکانی ئەو  پارێزگایە و ئەنجامدانی چەندین کاری نایاسایی دیکە.

 

ڕاپۆرتەکەی بلۆمبێرگ دەربارەی دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە ئەوەی خستووەتە ڕوو، "کوشتنی خوپیشاندەران بە گولـلەی میلیشاکانی سەر بەئێران ئەمە جاری یەکەم نییە، بەڵام دەستگیرکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران ئەمە یەکەم جارە ڕووبدات و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی کازمی".

 

پاش دەستگیرکردنی ئەو پێنج ئەندامەی میلیشیاییەی بزوتنەوەی (ثأر الله) بە تۆمەتی کوشتی خۆپیشاندەرێک، کازمی لە تویتێکدا وتی، "بڕیارمان داوە ئەو کەسانەی دەستیان سوورە بە خوێنی عێراقییەکان شەویان بەسەردا نەچێت و ئێمە پەیمانی خۆمان دەبەینە سەر".

 

لەو بارەیەوە ئەحمەد سەلیم، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی بە ماڵپەری "حورەی" ئەمریکی وتووە، هەرچەندە میلیشیای "ثأر الله" میلیشاییەکی زۆر دیار نییە لە عێراقدا، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە  پاڵپشتی لێدەکرێت، گرتنی ئەندامەکانی و داخستنی بارەگاکەیان لە شاری بەسرە بە کارێکی بوێرانەی کازمی دادەنرێت دژ بە دەسەڵاتی میلیشاکان لە عێراقدا".

 

سەلیم ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کارەی کازمی کردوویەتی بەکارێکی بوێرانە دادەنرێت لە یەکەم هەفتەی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق و هێمایەکیشە بۆ لاوازی هەژموونی ئێران لە عێراقدا".

 

هاوکات مایکل نایتس، توێژەر لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەت لە خۆرهەڵاتی نزیک لە ڕاپۆرتێکیدا لە ماڵپەڕی بلومبێرگ دەڵێت، "کوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا لە عێراق وایکردوە چنگی ئێران لە عێراقدا لاواز بێت، ئەوەی ئێستا ئێران لە عێراق ماویەتی تەنها کاریگەرییە، بەڵام توانای کۆنتڕۆڵکردنی لە عێراقدا وەک جاران نەماوە و لە ئێستادا لە دەستیداوە".

 

مستەفا ناسر، ڕۆژنامەنووسی عێراقی و شارەزا لە دۆخی ئێران پێی وایە "لاوازی ئێران لە عێراق پەیوەندی بەو لایەنەوە هەیە کە لە ئێستادا سەرپەرشتی دۆسێی کۆنتڕۆڵکردنی ئێران دەکات لە عێراق".

 

ناسر دەڵێت، "ناوەڕۆکی سیاسەتی ئێران لە عێراقدا سەپاندنی هەژموونی بووە بۆسەر هەموو جومگە و کایەکانی عێراق لەگەڵ دوورخستنەوەی عێراق لە بازنەی هەژموونی ئەمریکا".

 

بە بڕوای ئەو ڕۆژنامەنووسە عێراقییە، "سەرپەرشتیکردنی دۆسییەی عێراق لە لایەن دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە لە بری سوپای پاسداران هۆکاری ئەو گۆڕانەیە لە سیاسەتی ئێراندا لە عێراق".  

 

ناسر دەشڵێت، "نزیکبوونی عەلی شەمخانی، فەرماندەی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە ڕیفۆرمخوازەکانی ئێرانەوە هۆکاری ئەو سیاسەتی ئێستای ئێرانە کە لەئێستا لە عێراق پەیڕەوی دەکات، چونکە ڕیفۆرمخوازەکان سیاسەتەکانیان بە پێچەوانەی سیاسەتی خۆسەپاند و کۆنتڕۆڵکردنی سوپای پاسدارانەوەیە".  

 

لای خۆشییەوە باسم حەمزە، ڕۆژنامەنووسی عێراقی بە بلومبێرگی وتووە، "کوشتی قاسم سلێمانی، خۆپیشاندانەکانی عێراق، ڕۆڵی گەنجانی ئێستا عێراق و سزاکانی ئەمریکا هەموو ئەمانە هۆکاربوون بۆ لاوازبوونی هەژموونی ئێران لە عێراقدا".

 

باسم حەمزە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئێستادا سازانێکی ئەمریکی و ئێرانی سەبارەت بە دۆخی عێراق هەیە، ئەم دۆخەی ئێستاش کە عێراق پێدا گوزەر دەکات هاوشێوەی ئەو دۆخەیە کە پێش هاتنی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی لە عێراقدا بوونی هەبوو".