گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرزبوونەوەى ئامارى توشبووانى کۆرۆنا لە ئەڵمانیا بووەتە ’’زەنگێکی مەترسیدار’’

2020.05.11 - 20:35
بەرزبوونەوەى ئامارى توشبووانى کۆرۆنا لە ئەڵمانیا بووەتە ’’زەنگێکی مەترسیدار’’

ناس کورد-

ئامارى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا بەشێوەیەکى بەرچاو ڕوو لە بەرزبوونەوەیە دواى سوککردنى ڕێوشوێنەکان، ئەوەش بە زەنگێکى مەترسی بۆ جیهان دادەنرێت لەکاتێکدا بەشێک لە چالاکییە ئابورییەکان دەستیپێکردووەتەوە.

 

پەیمانگاى روبەرت کوخى ئەڵمانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان ڕایگەیاند، ڕێژەى ئەو کەسانەى بەهۆى بەرکەوتەى کەسانى دیکەوە توشدەبن بۆ 1.1% کەس بەرزبووەتەوە، ئەوەش واتە ژمارەى توشبووە نوێیەکان بەڕێژەیەکى گەورە بەرزدەبێتەوە، ئەوەش بەپێی ئاژانسى ڕۆیتەرز.

 

لاى خۆیەوە، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ئەڵمانیا ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەى ئامارى توشبووان ماناى ئەوە نییە کە بڵاوبوونەوەى پەتاکە لەکۆنتڕۆڵ دەرچووە.

 

بەڵام كارل لوتارباخ، مامۆستاى زانستى پەتاناسى دەڵێت، ڤایرۆسەکە ئەمجارە بەخێرایی دەستدەکاتەوە بە بڵاوبونەوە، دواى ئەوەى خەڵکێکى زۆر ڕۆژى شەممە لە شارى كولونيا چوونە دەرەوە.

 

وتیشى، "چاوەڕواندەکرێت ڕێژەى توشبوون بەهۆى بەرکەوتەوە بەرزبێتەوە، ئامادەکاریی نەکراوە بەشێوەیەکى باش بۆ سوککردنى رێوشوێنەکان".

 

دەسەڵاتدارانى ئەڵمانیا ماوەى چەند ڕۆژێکە هەنگاوى پێشوەختەیان گرتووەتەبەر بۆ سوککردنى ڕێوشوینەکان لەکاتێکدا هێشتا بەتەواوى ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵنەکراوە.

 

حکومەتەکان لەسەر ئاستى جیهان هەوڵى کردنەوەى چالاکییە ئابورییەکان دەدەن، لەگەڵ بەردەوامبونیان لە هەوڵى کۆنتڕۆڵکردنى ڤایرۆسەکە. لە ئەوروپا کە گەورەترین کیشوەرى زیانمەندە، ئیسپانیا و فەڕەنسا ڕێوشوێنى گەورەیان بۆ سوککردنى رێوشوێنەکانى داخستن گرتووەتەبەر، لەکاتێکدا بەریتانیا هەنگاوى خۆپارێزى زیاترى گرتووەتەبەر.