گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەكاریی تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان و زەوی كارت.. پارە لە توێژێک وەرناگیرێت؟

2020.05.11 - 18:43
وردەكاریی تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان و زەوی كارت.. پارە لە توێژێک وەرناگیرێت؟

ناس کورد-

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وردەكاری تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان و زەوی كارت و نرخەکانیانى ڕاگەیاند.

 

بەپێ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم سەرجەم ئەو خانووانەی بەشێوەی زیادەڕۆ لە پێش مانگی ئازاری 2018 دروستكراون، بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019 تاپۆ دەكرێن، هەر خانووێكیش لەپێش ئەو رێككەوتووە بەشێوەی زێدەڕۆ دروستكرابن، رێكارەكانی تاپۆكردن دەیانگرێتەوە.

 

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "رێنمایییان بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان دەركردووە بۆ ئەوەی یەكە ئیدارەییەكان دەستبكەن بە رێكارەكانی تاپۆكردنی ئەو خانووانە".

 

دەربارەی رێكارەكانی تاپۆكردنی ئەو خانووە زیادەڕۆییانەی كە یاساكە دەیانگرێتەوە، وەزیری شارەوانی رونیکردەوە "كەسی زێدەڕۆكار داواكارییەك پێشكەشی یەكە ئیدارییەكەی دەكات و یەكەی ئیدارییش لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە بۆ راییكردنی كاروبارەكانی ئەو بابەتی تاپۆكردنە".

 

بەپێی یاساکە، ئەو خانوەى تاپۆدەکرێت لە ناو شارەكان نابێت لە 200 مەتر زیاتر بێت، لە قەزاكان 250 مەتر و ناحیەكانیش 300 مەتر زیاتر نەبن.

 

سەبارەت بە نرخی تاپۆكردنی ئەو خانووانە، ساسان عەونى ئاماژەی بەوەكرد، لە سەنتەری پارێزگاكان مەتری لە نێوان 15 تا 30 هەزار دینار و لە شارۆچكەكان مەتری 10 تا 15 هەزار دینار و لە ناحیەكانیش مەتری 5 تا 8 هەزار دینارە. 

 

وتیشى، "كەسوكاری پلەیەكی شەهیدان، ئەنفالكراون، كەمئەندامان ئەو حوكمە داراییە نایانگرێتەوە. هەروەها هەر زیادەڕۆییەك كرابێتە سەر زەوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستانیش تاپۆ ناك".

 

دەربارەی تاپۆكردنی زەوی كارت، ساسان عەونی دەڵێت، ئەو پڕۆسەیە ئەگەر هیچ گرفتێكی یاسایی نەبووبێت بەردەوام بووە و بەشی زۆری ئەو زەوییە كارتانە كراونەتە سەنەدی خانوو و رادەستی شارەوانییەكان كراونەتەوە و ئەوانیش رادەستی هاووڵاتییانیان كردووەتەوە.

 

بەوتەى وەزیرى شارەوانى، ئێستا لە شاری هەولێر شەش هەزار سەنەدی دیكە لەلایەن فەرمانگەی تاپۆوە ئامادە كراون، بە نووسراو و رێنماییش هەموو سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی شارەوانییەكان ئاگادار كراونەتەوە پەلە بكەن بۆ زیادكردنی فەرمانبەر و تیمی ئەندازیاری و هونەری و ئیداری و یاسایی بۆ ئەوەی پرۆسەكە خێراتر بێت.