گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پرۆگۆڕان خۆى هەڵوەشاندەوە و ڕەوتێکى نوێى لەدەرەوەى گۆڕان ڕاگەیاند

2020.05.11 - 17:56
پرۆگۆڕان خۆى هەڵوەشاندەوە و ڕەوتێکى نوێى لەدەرەوەى گۆڕان ڕاگەیاند

ناس کورد-

پڕۆژەی چاکسازی ناو بزوتنەوەى گۆڕان، ناسراو بە (پرۆگۆڕان) هەڵوەشاندنەوەى خۆى و جیابوونەوەى لە ڕیزەکانى ئەو بزوتنەوەیە و دروستکردنى ڕەوتێکى نوێی ڕاگەیاند.

 

کۆتایی ساڵى 2018 دواى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق و کوردستان، ڕەوتێکى ناڕەزایی بەناوى (پرۆگۆڕان) کە لە هەڵسوڕاوەکانى ئەو بزوتنەوەیە لە دەرەوە پێکهاتوون خۆى ڕاگەیاند و داواى ئەنجامدانى چاکسازییان دەکرد لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا.

 

دواى نزیکەى دوو ساڵ کارکردن ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئایارى 2020، پرۆگۆڕان لە ڕاگەیەنراوێکدا هەڵوەشاندنەوەى خۆى ڕاگەیاند و ئاماژەى بەوەکردووە، پڕۆژە و یاداشتی ئاڕاستەی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان کردووە، بەڵام وەڵامنەدراونەتەوە.

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، "نزیکەی ساڵێکە گۆڕان بەشدارە لە حکومەت و تا ئەم چرکەیەش هەنگاو و کارەکانی کابینەی نۆ لە بوارەکانی چاکسازیدا لە هەنگاو و ئیجرائاتی لابەلا تێنەپەڕیون، هاوکاتیش پێگەی نوێنەرانی گۆڕان گەمارۆدراو و لاوازە و ڕەنگدانەوەی ئاوات و خەونەکانی جەماوەری گۆڕان نین". 

 

"لە کاتێکدا ڕایدەگەیەنین پرۆگۆڕان بەشێک نەبووە لەوەی لە ناو گۆڕاندا دەگوزەرا و بەشێکیش نین لەوەی دەگوزەرێت، هاوکات لە ئاکامی ئەو ڕوداو و گۆڕانکاریانە پرۆگۆڕان گەیشتۆتە باوەڕی تەواو کە پرسەکانی چاکسازی و گۆڕانکاری ناو گۆڕان کارێکی مەحاڵە و هەر ئومێدێک لەو بوارانەدا وەک ڕاکردن بەدوای سەرابی بیاباندا وایە".

 

پرۆگۆران ڕایدەگەیەنێت، لەمەودوا  کاری سەرەکیان لە گەڵ هێز و گروپەکان لە وڵات و دەرەوە و پەرلەمانتارە ئۆپزسیۆنەکانی ناو پەرلەمان و کەسایەتی و ڕۆشنبیرە دڵسۆزەکان دەبێت بۆ سازدانی بزاڤێکی جەماوەری هەمەرەنگ کە بەو ڕێگا و شیوازە گونجاوانەی بەپێویستی دەزانن کار بۆ ئایندەی نەتەوە و نیشتمان بکات.

 

باس لەوەشدەکات، "گونجاو لەگەڵ ئەم دیدگا چروپڕە بە پێویستمان زانی ئاراستەی پرۆگۆڕان هەڵبوەشێتەوە و لە ڕەوتی ئایندەی نیشتمان (ڕەوا) بەردەوام بین کە جەخت دەکاتەوە لەوەی هەر سێ حزبی بەشدار لە حکومەتدا، بەشدارو بەرپرسیاری سەرەکین لەو دۆخە ئاڵۆز و سەختەی ڕوبەروی میللەتەکەمان بۆتەوە، سەرکەوتوش نەبون لە سازدانی پەیامێکی نەتەوەیی و نیشتمانی جدی و دروستی یەکگرتوو لە پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی عێراق".