گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشتر دوو پەرلەمانتار ئاشکرایان کرد

وەزارەتى کشتوکاڵ ڕێگری کرد لە هاوردەکردنى جۆ لە دەروازەیەکى نافەرمییەوە

2020.05.11 - 17:16
وەزارەتى کشتوکاڵ ڕێگری کرد لە هاوردەکردنى جۆ لە دەروازەیەکى نافەرمییەوە

ناس کورد-

وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان رێگریکردنى لە هاوردەکردنى جۆ لە دەروازەیەکى نافەرمییەوە و لەخاکى سوریاوە بۆ هەرێم ڕاگەیاند.

 

دوێنێ پەرلەمانتارانی عێراق، غالب محەمەد و سەركەوت شەمسەدین لە یاداشتێکدا ئاشکرایکرانکردبوو، کە لە دەروازەى سنورى ئەبو وەلیدەوە جۆ هاوردەى هەرێم کراوە، لەکاتێکدا هاوردەکردنى قەدەغە کراوە.

 

وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئایارى 2020، لە رونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، "وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو هاوردەكردنی گەنم و جۆی ڕاگرتووە، بەهۆی ئەوەی وەرزی دروێنەیە و لەپێناو پاراستنی بەرهەمی جوتیاران".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "خاڵی سنوری ئەبو وەلید دەروازەیەكی  نافەرمییە، وەزارەتمان دوای ئەوەی زانیاری تەواو دەستكەوت بەدواداچوونی وردمان دەسپێكرد بە هاوكاری لایەنە پەیوەندارەكان توانیمان ڕێگری بكەین لە هاوردە و داخڵبوونی بۆ ناو هەرێمی كوردستان، بەڵگەی سەلمێنراوی رێگری لە بەردەستە".

 

وەزارەتى کشتوکاڵ جەختیکردووەتەوە، لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و بازرگانی عێراق بۆ ئەوەی ئەمساڵ هیچ جیاوازیەك نەكرێت لەنێوان جوتیارانی كوردستان و ناوەڕاست و خواروی  عێراق.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، حكومەتی عێراق تەنها گەنم لە جوتیارانی كوردستان وەردەگرێت، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی وەك جوتیارانی ناوەڕاست و خواروی عێراق جۆو  گەنمەشامیش وەربگیرێت.