گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی ’’خاوکردنەوەى گرژییەکانیان’’ لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرد

2020.05.11 - 16:45
بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی ’’خاوکردنەوەى گرژییەکانیان’’ لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرد

ناس کورد-

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە و چەند تەوەرێکیان لەبارەى عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.

 

لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ پێشهاته‌ سیاسیيه‌کانی عیراق کراوە و "هه‌ردوولا به‌ گرنگیيه‌وه‌ جه‌ختيان له‌ پێویستيی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و ناکۆکیيه‌کان کرده‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی هێنانه‌کایه‌ی ئارامی و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیانی سه‌رجه‌م ناوچه‌کان به‌ هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌."

 

دەشڵێت، "هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ بایه‌خه‌وه‌ باس له‌ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتيی به‌ڕێز مستەفا كازمی کراو و داكۆكييان له‌ پشتیوانی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فيدراڵدا کرده‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و کارکردن بۆ دابينکردنی گوزه‌ران و ته‌ندروستيی هاووڵاتیان، هه‌روا له‌پێناو تێکشکاندنی پاشماوه‌کانی تیرۆر و سه‌قامگیريی ئه‌منی له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی عیراقدا، وێڕاى چاره‌سه‌ركردنی کێشه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمى كوردستان به ‌گوێره‌ی ده‌ستوور، بەتایبەتیش یەكلاكردنەوەی پرسی بودجە و مووچەی فەرانبەران."

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "باس له‌ پێویستيی یه‌کڕیزی و خاوکردنه‌وه‌ی گرژیيه‌کان له‌ عێراق کرا به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ هه‌موو هێز و تواناکان بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئارامی و بژێويی خه‌ڵک و ئه‌نجامدانی چاکسازيی بنه‌ڕه‌تی ته‌رخان بکرێن و له‌بری ناکۆکی و ململانێی ته‌سک، به‌گوێره‌ی ده‌ستوور خزمه‌تی خه‌ڵک و داخوازیه‌کانیان بکرێت."

 

"له ‌ته‌وه‌رێکی ديكه‌ى دیداره‌که‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌ هه‌رێمی کوردستان كرده‌وه‌، به‌ جۆرێك هه‌موو لایه‌نه‌کان دوور له‌ گرژی و ئاڵۆزی، تواناکانیان بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی پێویستيی هاووڵاتیان و دابينكردنی بژێویان و سه‌قامگیريی سیاسی و ئه‌منی، ته‌رخان بکه‌ن" ڕاگەیەنراواکە وا دەڵێت.