گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مامۆستایانی عێراق بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن

2019.02.18 - 14:38
مامۆستایانی عێراق بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن

 

ناس کورد-

 

پاش ئه‌وه‌ی سه‌ندیكای مامۆستایانی عێراق ئاگاداری نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی عێراق كرد سه‌باره‌ت به‌ چاككردنی دۆخی خوێندن و باشتركردنی بژێوی و ژیانی مامۆستایان و بڕیاری بایكۆتكردنی هۆڵه‌كانی خوێندنی دا، زیاتر له‌ 750 هه‌زار مامۆستا ده‌ستیان كرد به‌ مانگرتن و بایكۆت كردنی هۆڵه‌كانی خوێندن.

ئه‌م بایكۆته‌ی مامۆستایان گه‌وره‌ترین بایكۆته‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق له‌ دوای ساڵی 2003 وه‌ کە ئەو کات سه‌رجه‌م خوێدنگه‌كان چۆڵ بوون و ده‌وامی تێدا ڕاگیرابوو.

داواكاری مامۆستایانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق له‌ كۆمه‌ڵێك خاڵدا خۆی ده‌بینێته‌وه، لەوانە:

1- چاكسازی له‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ عێراق بباته‌وه‌ ناو پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خۆی چونكه‌ ئێسته‌ عێراق له‌ڕووی زانست و په‌روه‌رده‌وه‌ زۆر پاشه‌كشه‌ی كردووه.‌

2- چاكردنی بارودۆخی خوێندكاران و چاكسازی له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن دا بكرێت، هه‌روه‌ها دروستكردنی خوێندنگه‌ی زیاترو  هاوچه‌رخ چونكه‌ زۆربه‌ی خوێندنگه‌كان كۆن بوون و هه‌ندێكیان تا ئێسته‌ هه‌ر گڵن و هه‌ندێ خوێندنگه‌ سێ ده‌وامی تێدا ده‌كرێت.

3-زیادكرنی بوودجه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ جۆرێك له‌ گه‌ڵ شكۆی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا بگونجێت و كردنه‌وه‌ی خولی به‌هێزكرن و ڕاهێنانی ساڵانه‌ بۆ مامۆستایان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ ی ئاستی زانستیان.

4-دابینكرنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ مامۆستایان.

5- كاركردن به‌ یاسای پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ و پایه‌ بڵندی (الترفیع و العلاوة) به‌ستنی پله‌كانیان له‌ كاتی خۆیدا.

سه‌ندیكای مامۆستایان هۆی ئه‌م مانگرتنه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گێڕایه‌وه‌ كه‌ تائێستا چه‌ندین جار داوای له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كردووه‌ كه‌ به‌ده‌م داكانیانه‌وه‌ بێن به‌ڵام ئه‌وان خه‌مساردبوون، بۆیه‌ په‌نایان برووه‌ته‌ به‌ر بایكۆت و بڕیاریان داوه‌ كه‌ دوو ڕۆژ بایكۆت بكه‌ن و پاشان هه‌لێك بده‌ن به‌ حكومه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیان نه‌درایه‌وه‌ ئه‌وا به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌ چالاكیه‌كانیان.

سه‌ندیكاكه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو كه‌ ئه‌م مانگرتنه‌ مامۆستایانی هه‌ریمی كوردستان ناگرێته‌وه.‌

لای خۆشیه‌وه وته‌بێژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئه‌م مانگرتنه‌ی به‌ كێشه‌یه‌كی نێوان حكومه‌ت و سه‌ندیكا ناوبرد و باسی لەوە کرد ئەو پرسە په‌یوه‌ندی به‌وه‌زاره‌ته‌وه‌ نیه‌ و جێ به‌جێكردنی داواكاریه‌كانی مامۆستایان ‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دایه‌.

هه‌روه‌ها وتیشی: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتیه‌كانی په‌روه‌رده‌ سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانن و ئه‌وان ئه‌توانن ڕێكاری یاسایی دژ به‌م مانگرتنه‌ بگرنه‌ به‌ر له‌ڕووی سزادانی سه‌رپێچی كارانه‌وه‌ به‌ڵام وه‌زاره‌ت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ مانگرتندا نیه‌."