گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باسى چییان کرد؟

ناس کورد ناوەڕۆکى کۆبونەوەى تیمى پارتى و گۆڕان لە حکومەت ئاشکرا دەکات

2020.05.11 - 14:10
ناس کورد ناوەڕۆکى کۆبونەوەى تیمى پارتى و گۆڕان لە حکومەت ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

هەردوو تیمی پارتی و گۆڕان لە حکومەت کۆبوونەوە و تاوتوێی پرسی چاکسازی کە مەرجێکی ڕێککەوتنی ئەو دوو لایەنەیە و پرسی پشکەکانی گۆڕانیان لە حکومەت تاوتوێ کرد کە تائێستا بەشێكیانی پێنەدراوە.

 

 

یەکێک لە ئەندامانی کۆبوونەوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی ڕاگەیاند:"ئەمڕۆ (دووشەممە)، هەردوو تیمی پارتی و گۆڕان لە حکومەتی هەرێم لەسەر چەند پرسێک کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد".

 

وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کراوە کە یەکێکە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم.

 

ئەو ئەندامە بەشدارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەشكرد، یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پشکەکانی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کە تائێستا پێی نەدراوە، هەروەها پرسی دەستکراوەیی وەزیر و بەرپرسەکان لەنێو حکومەت.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی یەکێک بوو لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان و مەرجی گۆڕان بوو بۆ بەشداریکردن لە کابینەکە، بەڵام دوای نزیکەی ساڵێک بەسەر پێکهێنانی کابینەکە تائێستا جێبەجێنەکراوە، هەروەها ئەو بزوتنەیە بەشێک لە پۆستەکانی نێو کابینەکەی پێنەدراوە، لە دیارترینیان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ پرسی چاکسازی.