گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیری شارەوانی: سەرقاڵی پڕۆژەیەکین گرفتی کەمئاوی هەولێر چارەسەر دەکات

2020.05.11 - 13:20
وەزیری شارەوانی: سەرقاڵی پڕۆژەیەکین گرفتی کەمئاوی هەولێر چارەسەر دەکات

ناس کورد-

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی گرفتی ئاو و خزمەتگوزارییەكان لە گەڕەکی 8ی حەسارۆك لە شاری هەولێر ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، هێڵی ئیفرازی تازەی بۆ دەردەچێت، دەشڵێت، بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە گرفتی کەمئاوی لە شاری هەولێر نامێنێت.

 

 

ئەمڕۆ (دووشەممە، 11 ئایاری 2020)، لە ڕاگەیەندراوێکدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند: "حكومەت دەتوانێت خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەكە ببات، پڕۆژەی هێڵی تازەی ئیفرازی ئەو گەڕەكە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و بەشێكیشی تەواو بووە، گرفتی سەرەكی ئەو گەڕەكە نەبوونی ئاوە كە لە رێی بیرەوە ناتوانرێت ئاو بۆ هاووڵاتیانی شوێنەكە دابین بكرێت".

 

ئاماژەی بەوەشكرد :" گرفتی سەرەكی لەو گەڕەكە نەبوونی ئاوە و هەر جۆرە خزمەتگوزارییەكی دیكە ببەیتە ئەو شوێنە، ناكرێ دانیشتووان خانووی لێ دروست بكەن، ئەگەر خزمەتگوزاری ئاوی تێدا نەبێت".

 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەشی خستووتەڕوو: "گەڕەكی 8ی حەسارۆك هەزاران پارچە زەوییە و شوێنێكی بەرزیشە، لێدانی بیری ئاو چارەسەری گرفتی ئاوی ئەو شوێنە ناكات كە قووڵایی بیرەكانمان لە هەندێ شوێن بووەتە زیاتر لە 450 مەتر و ئەو شوێنەش چەندان بیری دەوێت و ناشكرێ لە پڕۆژەكانی دیكەی ئاو راستەوخۆ بۆی ببرێت".

 

ڕوونیشیکردەوە: "چارەسەركردنە ریشەییەكەی بە جێبەجێكردنی هێڵی تازەی ئیفراز دەبێت كە ئێستا لە بەرنامەدایە و بەشێكیشی كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیەی هێڵی تازەی ئیفرازیش گرفتی ئاو لە 8ی حەسارۆك بە شێوەیەكی تایبەت و بە گشتیش گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر نامێنێت".

 

ساسان عەونی ئاماژەی بەوەكردووە :"پێشتریش بڕیاری ئەوە هەبووە خزمەتگوزارییەكانی حكومەت بگاتە هەموو شوێنێك و گەڕەکى هەشتى حەسارۆكیش دەكەوێتە ناو جەرگەی شاری هەولێر و لۆژیكی نییە كە حكومەت پلانی بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنە نەبێت، بەڵام گرنگترین بەشی خزمەتگوزاری دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیە، چونكە خەڵكی رەنگە بتوانن بەبێ كارەبا و هەندێ خزمەتگوزاری دیكە بژین، بەڵام بەبێ ئاو نە لە هاوین نە لە زستاندا ناتوانن بژین".

 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختى كردووەتەوە كە ئەو گرفتە لە رێی هێڵی تازەی ئیفراز چارەسەر دەكرێت و بە تەواوبوونی ئەو هێڵە ئاو بۆ هەشتی حەسارۆك دابین دەكرێت و گرفتی كەمئاویش لە شاری هەولێر نامێنێت.