گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان دەخاتە دوای جەژن’

پەرلەمانتارێكى عێراق: كازمی سەرقاڵی دابینكردنی موچەیە

2020.05.11 - 13:01
پەرلەمانتارێكى عێراق: كازمی سەرقاڵی دابینكردنی موچەیە

ناس کورد-

پەرلەمانتارێكی ڕەوتی حیكمە ئاشكراى کرد، بەهۆی سەرقاڵی كازمی بەدابینكردنی موچەوە، چەند وەزارەتێك لەكابینەكەی بەبەتاڵی تا دوای جەژنی ڕەمەزان دەمێننەوە و پڕکردنەوەیان دوادەکەوێت.

 

ئەسعەد موڕشیدی، پەرلەمانتاری ڕەوتی حیكمە لەپەرلەمانی عێراق بەمیدیاكانی راگەیاند "بەهۆی ئەوەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران لەئێستادا زیاتر سەرقاڵی دۆسییە زۆر گرنگەكانە لەوانە دابینكردنی موچەی خانەنشینان و تێپەڕاندنی یاسای بودجە و چەند دۆسییەكی دیکە، ئەو وەزارەتانەی بەبەتاڵی ماونەتەوە پڕ ناكرێنەوە و دەكەونە دوای جەژنی ڕەمەزان". 



ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێكی تر لەهۆكاری پڕنەكردنەوەی كابینە وەزارییەكەی ئەوەیە، ناكۆكی سیاسی لەسەر پۆستی وەزارەتی دەرەوە بەردەوامەو سەرباری ئەوەش دوو لایەنی شیعە كێبڕكێی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكانی داد و كشتوكاڵ دەكەن.

 

موڕشیدی روونیکردەوە، بارودۆخی گشتی وڵات ناهەموارە و لەسەر حكومەتەكەی كازمیش پێویستە كێشەكانی خەڵكی چارەسەر بكات و ڕێگەچارەیەك بۆ قەیرانەكان بدۆزێتەوە و پەیامی دڵنیایی بداتە شەقامی عێراقی.



شەوی (چوارشەممە)ی ڕابردوو، مستەفا كازمی وەک سەرۆکوەزیران و چەند وەزیرێکى کابینەکەى متمانەی پەرلەمانی پێبەخشرا و بەهۆی ململانێی لایەنە سیاسییەكانەوە دوو وەزارەت بەبەتاڵی ماونەوە و كاندیدی چەند وەزارەتێكیش دەنگی پێویستیان نەهێنا و ئەو پۆستە وەزارییانە بەبەتاڵی ماونەتەوە.