گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

براكەی كازمی لەبارەی هۆکارى پەیوەندییە تەلەفۆنییە توڕەکەى سەرۆکوەزیران رونکردنەوە دەدات 

2020.05.11 - 10:11
براكەی كازمی لەبارەی هۆکارى پەیوەندییە تەلەفۆنییە توڕەکەى سەرۆکوەزیران رونکردنەوە دەدات 

ناس کورد-

دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق كە پەیوەندی بەبرا گەورەكەیەوە دەكات و داوای لێدەكات ناوی ئەو بۆ واسیتەکردن و ڕایکردنى کارەکانى لەهیچ دەزگایەكی دەوڵەتدا بەكارنەهێنێت، برا گەورەكەی کازمى ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵێت، "واسیتەی" نەكردووە و وەكو هەر هاووڵاتیەك سۆراخی مامەڵەی خانەنشینیەكەی كردووە.

 

لەڕوونكردنەوەكەدا هاتووە: " لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەی ڤیدیۆیی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران بە عیماد عەبدولەتیف برا گەورەی ناوبراوەوە بڵاوكراوەتەوە، دەمانەوێت ئەوە ڕونبكەینەوە كە ئەو پەیوەندییە بەهۆی ئەوەوە دروست بوو كە سەرۆكی دەستەی خانەنشینی لەبەردەم سەرۆك وەزیراندا ئەوەی ڕاگەیاند، عیمادی براتان هاوڕێ و ناسیاومانن". 



ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو وتەیە وای لەكازمی كردووە لەبەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بكات و بەوەش ویستی پەیامێك بۆ هەموو عێراقییەكان بنێرێت و ئەوانیش لاریان لەوە نیە، بەڵام دەیانەوێت بەڕونكردنەوەیەك ڕێگە بگرن لەهەندێ لێکدانەوەی هەڵە كە بنەڕەتی ڕوداوەكە ناپێكێن.

 

براكەی كازمی لەڕوونكردنەوەكەیدا  ئاماژە بەوە دەکات، ئەویش وەكو هەر هاووڵاتییەكی تری عێراق نزیكەی پێنج مانگە مامەڵەیەكی خانەنشینی پێشكەشی ئەو دەستەیە كردووە و هەر وەكو هاووڵاتیەكی ئاسایش سۆراخێكی مامەڵەكەی كردووە.



دوێنێ (یەكشەممە)، لەمیانی سەردانێكیدا بۆ نوسینگەی سەرۆكی دەستەی خانەنشینی، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران، پەیوەندیی بەبرا گەورەیەكەیەوە کرد و هۆشدارى ئەوەیدایە کە ناوی ئەو  بۆ رایکردنى مامەڵەکانى لەهیچ دەزگایەكی دەوڵەتیدا بەكارنەهێنێت.

 

دوای بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆی ئان و ساتی پەیوەندییەكەی سەرۆكوەزیران و برا گەورەكەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، ڕاڤە و خوێندنەوەی جیاجیای بۆ كراو دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.