گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چین بە  11 هەزار وشە وەڵامى 22 تۆمەتى ئەمریکا لەبارەى کۆرۆناوە دەداتەوە

2020.05.11 - 08:35
چین بە  11 هەزار وشە وەڵامى 22 تۆمەتى ئەمریکا لەبارەى کۆرۆناوە دەداتەوە

ناس کورد-

چین وەڵامى 22 تۆمەتى دایەوە، کە لەلایەن سیاسەتمەدارانى دیارى ئەمریکاوە ئاڕاستەی کراوە لەبارەى مامەڵەکردنى لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا.

 

 

وەزارەتى دەرەوەى چین زۆربەى ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانییەکانى بەدرێژایی هەفتەى ڕابردوو تەرخانکردووە بۆ ڕەتکردنەوەى تۆمەتى سیاسەتمەدارانى ئەمریکا، بەتایبەتى مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوە، کە چینى تۆمەتبارکردووە بە شاردنەوەى زانیارییەکان لەسەر ئەو ڤایرۆسە و چۆنیەتى بڵاوبوونەوەى.

 

لە وتارێکى 30 لاپەڕەیدا کە 11 هەزار وشەى لەخۆ گرتووە و وەزارەتەکە لەسەر ماڵپەرى فەرمى خۆى بڵاویکردووەتەوە، جارێکى تر بەتەواوى تۆمەتەکانى ئەمریکا رەتکراوەتەوە.

 

لە وتارەکەدا باس لە وتەیەکى ئابراهام لینکۆڵن سەرۆکى ئەمریکا لەسەدەى نۆزەدا کراوە کە دەڵێت: دەکرێت هەندێک کەس هەمووکات و هەندێکى دیکەش بۆ ماوەیەکى کاتى بخەڵەتێنرێن، بەڵام ناکرێت هەموو خەڵک هەمووکات بخەڵەتێنرێن. 

 

هەروەها ئاماژە بە چەند راپۆرتێکى ڕۆژنامەوانى کراوە کە باس لەوە دەکەن، پێش ئەوەى توشبوون بە کۆرۆنا لە ووهان تۆماربکرێت، لە ئەمریکا تۆمارکراوە. بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەک نییە راستى ئەوە بسەلمێنێت.

 

لەچوارچێوەى هەوڵەکان بۆ پوچەڵکردنەوەى تۆمەتەکانى ئەمریکا لەبارەى ئەوەى ڤایرۆسەکە دروستکراوە یاخود دزەیپێکراوە لە چینەوە، لە وتارەکەدا جەختکراوەتەوە کە بەڵگەکان دەیسەلمێنن ڤایرۆسەکە لەلایەن مرۆڤەوە دروستنەکراوە و تاقیگەکەى ووهانیش توانایەکى لەو شێوەیەى نییە.

 

لە وتارەکەدا هەروەها خشتەیەکى کاتى لەبارەى پێدانى زانیارى لەلایەن چینەوە بە جیهان "لەکاتى گونجاودا و بەشێوەیەکى شەفاف" ئاماژەى پێکراوە.

 

سەرەڕاى جەختکردنەوە دوبارەکانى چین لەو بارەیەوە، بەڵام تا ئێستا نیگەرانییەکان لەبارەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و کاتى پێدانى زانیارییەکان لەو بارەیەوە لە ئارادان.

 

وتارەکە پێشنیازەکانى ترەمپ و مایک پۆمپیۆى رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەى ڤایرۆسەکە بەناوى "ڤایرۆسى چین" یان "ڤایرۆسى ووهان" ناوبنرێت و جەختکراوەتەوە کە بەپێی بەڵگەنامەکانى رێکخراوى تەندروستى جیهانى ناکرێت ئەو ڤایرۆسە پەیوەست بکرێت بە شوێن یان وڵاتێکى دیاریکراوەوە.