گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى تەندروستى: مەترسی کۆرۆنا بەردەوامە و ماوەی زیاتر پێویستە بۆ دڵنیابوون لە کۆنتڕۆڵکردنی

2020.05.10 - 22:46
وەزارەتى تەندروستى: مەترسی کۆرۆنا بەردەوامە و ماوەی زیاتر پێویستە بۆ دڵنیابوون لە کۆنتڕۆڵکردنی

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان جەخت لە مانەوەى مەترسی کۆرۆنا دەکاتەوە، هەرچەندە ماوەى چەند رۆژێکە هیچ حاڵەتێکى توشبوون لە هەرێم تۆمارنەکراوە.

 

 

وتەبێژى وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئاماژە زانستییەکان تاوەکو ئێستاش ئەوە دەردەخەن کە ھەرچەندە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو تۆمارکردنی تووشبووی نوێ نەبووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ئەم نەخۆشیە لە جیھان و وڵاتانی دەوروبەر و پارێزگاکانی تری عێراق ھێشتان مەترسی بڵاوبوونەوە ھەر بەردەوامە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "هاوکات لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا نەخۆش لە نەخۆشخانەکان و بەرکەوتووان لە کەرەنتینەکان ھەر ماوە، بۆیە بەردەوام لە ڕاگەیاندراوەکان جەخت لەسەر پابەندبوونی ڕێنماییەکانی تەندروستی لە شوێنە گشتیەکان و بڕیارەکانی خۆپارێزی لەلایەن وەزارەتەکانی ناوخۆ و پەروەردە و ئەوقاف و کاروباری ئاینی و گواستنەوە و گەیاندن دەکەینەوە".

 

وەزارەتى تەندروستى هەرێم جەختیکردوەتەوە لەسەر ئەوەى بەردەوام دەبن لە پشکنین و گەڕان بەدوای تووشبووان، جارێ ماوەی زیاتر پێویستە بۆ دڵنیابوون لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئەو نەخۆشیە و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە.

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى هەرێم، تا ئێستا 391 توشبوو لە هەرێم تۆمارکراون کە 371 کەسیان چاکبوونەتەوە و پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە.