گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 سێ بەڵگە دەیسەلمێنێت.. كۆرۆنا لە مانگى ئەیلولەوە لە ووهان بڵاوبوەتەوە

2020.05.10 - 22:07
 سێ بەڵگە دەیسەلمێنێت.. كۆرۆنا لە مانگى ئەیلولەوە لە ووهان بڵاوبوەتەوە

ناس کورد- 

ڕۆژنامەى دەيلى مەيڵى بەرتيانى بڵاويكردەوە، بەڵگەى تازەيان دەست كەوتوە كە چين لەمانگى ئەیلولەوە بە ڤايرۆسى كۆرۆناى زانيوە بەڵام ئەوەى لە جيهان شاردوەتەوە.

 

 

ڕۆژنامەکە لە راپۆرتێکیدا بڵاويكردوەتەوە، دوا نيوەڕۆى ڕۆژى 18\9\2019 نوسينگەى فرياكەوتنى فڕۆكەخانەى ووهان نامەيەكى بەپەلەى پێگەيشتوە كە سەرنشينى يەكێك لە فڕۆكەكانى توشى تەنگەنەفەسى بوە، كارمەندانى فڕۆكەخانەكەش بە جلى تايبەت و ماسك و دەستكێشەوە بەرەو فڕۆكەخانەكە چوون.

 

ئەوەش هاتوە، بەپێى بەڵگەكەكان دواى بەهاناوەچونى نەخۆشەكە و دەستنيشانكردنى حاڵەتەكەى ئەوە دەركەوتوە كە توشى جۆرێكى نوێى ڤايرۆسە تاجيەكان بوە، ئەوەش بەڵگەى يەكەمە لەسەر ئەو بابەتە.

 

بەپێى هەمان ڕۆژنامە، بەڵام چين بيانوى ئەوەى هێناوەتەوە ئەو شێوازە بەهاناوەچونەى كە ڕويداوە تەنها ڕاهێنان و ئامادەكارى بوە بۆ پاڵەوانێتى ياريە سەربازیيەكان كە هەمان ڕۆژ 18\9\2019 بەئامادەبونى 1000 ڕكابەر لە چين ئەنجام دراوە.

 

ڕۆژنامەكە پرسيارى ئەوە دەكات، بۆچى بەو شێوەيە مامەڵە كراوە تەنها لەگەڵ ئەو نەخۆشەدا؟ ئەوەش شتێكى سەيرە كە شارێك ئامادەكارى بكات بۆ بڵاوبونەوەى پەتايەك و دواى ئەوەش كۆرۆنا دەردەكەوێت كە لە نەوەى ڤايرۆسە تاجيەكانە وەك ناوەندى ووهان بۆ فرياگوزارى لەكاتى پشكنينى نەخۆشى ناو فڕۆكەخانەكە ئاشكرايان كردبوو.

 

دەيلى مەيڵ باسى بەڵگەيەكى ترى كردوە و نوسيويەتى، بەڵگەى دوەم ئەوەيە كە هەندێك ياريزانى فەڕەنسى كە لە پاڵەوانێتى ياريە سەربازيەكاندا لە ووهان بەشداريان كردبوو  پێيان وايە كە لەكاتى بەشداريكردنەكەياندا توشى ڤايرۆسى كۆرۆنا بوون.

 

لاى خۆيەوە "ئيلودى كلوفيل" يەكێك لەو ياريزانانە ئاماژەى بەوەداوە، لەكاتى ياريەكاندا ژمارەيەك لە ياريزانەكان توشى چەند نيشانەيەك بوون كە لە نيشانەكانى ئەنفلۆنزا دەچون و ماوەى 9 ڕۆژ ئەو نيشانانە بەردەوام بوون.

 

هەرچى سەبارەت بە بەڵگەى سێيەمە باس لەوە كراوە، لە 27\12\2019 فەرەنسا رايگەياند كە ئەو ماسى فرۆشەى توشى نەخۆشى هەوكردنى سيەكان ببوو چارەسەر كراوە، ئەوەش بەبێ ئەوەى هيچ لەسەر ئەوە بزانرێت كە چين لە جيهانى شاردبوەوە.

 

ئەوەش هاتوە، بەڵام دواتر دەركەوت كە ئەو ماسى فرۆشە توشى ڤايرۆسى كۆرۆنا ببوو بە مەرجێك گەشتى دەرەوەى وڵاتى نەكردوە، ئەوەش واتاى ئەوەيە كە پێش ئەوەى چين سنورەكانى دابخات پەتاكە گەيشتبوە چەند وڵاتێكى جيهان.

 

ڕۆژنامەكە پێى وايە، سەرجەم ئەم ڕوداوانە ڕويانداوە پێش ئەوەى پەكين ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى لە بونى نەخۆشيەكە ئاگادار بكاتەوە، هەروەها تەنها لە 25\1\2020 يشەوە شارى ووهانى لەڕوى تەندروستيەوە جياكردەوە.

 

بەپێى لێكۆڵينەوەيەك، ئەگەر چين زوو ڕێوشوێنى بگرتايەتە بەر و جيهانى ئاگادار بكردايەتەوە و زانياريەكانى نەشاردايەتەوە، ئەوا توشبوانى ڤايرۆسەكە لە جيهاندا 95% كەمتر دەبوو لەوەى ئێستا هەيە.

 

پێشتريش "شى زينگلى" خانمە شارەزاى بوارى ڤايرۆسەكان كە بە Bat Woman ناسراوە لە مانگى 3ى ساڵى 2019 چينى لە بڵاوبونەوەى ڤايرۆسێك لە ڤايرۆسەكە تاجيەكان ئاگادار كردبوەوە كە سەرچاوەكەى شەمشەمەكوێرە دەبێت و ئاماژەى بەوەدابوو، ئەگەرى هەيە ڤايرۆسە نوێكە سەرەتا لە چينەوە سەرهەڵبدات.

 

تائێستا زياتر لە 4 مليۆن و 155 هەزار كەس لە جيهاندا توشى ڤايرۆسى كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەيەش زياتر لە 282 هەزار كەس گيانيان لەدەستداوە و زياتر لە يەك مليۆن و 467 هەزار كەسيش چاكبونەتەوە.

 

زەرەمەندترين وڵاتى جيهان ئەمريكايە كە نزيكەى يەك لەسەرسێى توشبوان و گيان لەدەستدان لەو وڵاتە تۆمار كراوە، بەدواى ئەويش هەريەكە لە ئيسپانيا، ئيتاڵيا، بەريتانيا، ڕوسيا، فەرەنسا، ئەڵمانيا، بەڕازيل، توركيا و ئێرانن و زۆرينەى وڵاتانى ترى جيانيش بە دەيان هەزار ياخود هەزاران توشبويان تێدايە.