گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەوەی نوێ‌: دۆخی كوردستان لە ئاستێكدایە چیتر ناڕەزایەتیەكان بە بێدەنگی نەمێنێتەوە

2019.04.11 - 16:38
نەوەی نوێ‌: دۆخی كوردستان لە ئاستێكدایە چیتر ناڕەزایەتیەكان بە بێدەنگی نەمێنێتەوە

ناس كورد-

جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەكات كە دۆخی كوردستان گەیشتووتە ئاستێك چیتر ناڕەزایەتییەكان بەبێدەنگی نەمێنێتەوە.

راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوە دەكات، جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێیوایە، نموونەكانی جەزائیر و سودان، بۆ بارودۆخی كوردستانیش راستە، چونكە كوردستانیش هاوشێوەی هەریەكە لەو دوو وڵاتە، لەكورستانیش ماوەی 28 ساڵە دوو بنەماڵە جومگەكانی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و، لەڕووی خزمەت نەكردنی هاووڵاتیان و پابەند نەبوون بەبنەما سەرەتاییەكانی دیموكراسیەت و شێوازی حوكمڕانیەوە، چوونیەكن.

راگەیەندراوەكەی جوڵانەوەكە هاوكات بوو لەگەڵ ئەو رووداوەی ئەمڕۆی وڵاتی سودان كە بەشێك لەسوپای سودان گرتنە دەستی دەسەڵات و لادانی عومەر حەسەن بەشیر دیكتاتۆری ئەو وڵاتە و حزبەكەیان لەحوكمی سودان راگەیاند.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەراگەیەندراوەكەدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دۆخی كوردستان لەئاستێكدایە خەڵك لەڕێگەی رژانە سەر شەقامەكانەوە چارەنووسی ئەم دەسەڵاتە بەهەمان چارەنووسی دەسەڵاتدارانی جەزائیر و سودان ببات.
دڵنیایی ئەوەش دەدات "هاووڵاتیانی بەشخوراوی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی سودان و جەزائیر، لەداهاتوودا دەڕژێنە سەر شەقامەكان و كۆتایی بەم حوكمە خراپەی هەرێم دەهێنن".