گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەندین بارەگای حزبی سوتێنران

ڤیدیۆ؛ خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەکانی خوارووی عێراق دەستیپێکردەوە

2020.05.10 - 09:25
ڤیدیۆ؛ خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەکانی خوارووی عێراق دەستیپێکردەوە

ناس کورد-

شەوی ڕابردوو لە چەند پارێزگایەکی عێراق خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردەوە، خۆپیشاندەرانیش بە بەرزکردنەوەی دروشم دژ بە حکومەتەکەی کازمی دەنگیان هەڵبڕی و داوایان لێکرد بە زووترین کات ئەو بەڵێنانەی کە لە کات و ساتی دەستبەکاربوونیدا داویەتی جێبەجێ بکات.

 

خۆپیشاندانەکان لە بەغدای پایتەخت و بەشێکی زۆر لە شارەکانی باشوری عێراق سەریان هەڵدایەوە و لە دروشمەکانیاندا داوایان لە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کرد بە دەستێکی ئاسنی لە دەستی گەندەڵکاران و دزەکان بدات و ئاوڕێکی جدی لە باری بژێوی ژیانی هاوڵاتیان بداتەوە و خزمەتگوزارییەکان فەراهەم بکات.

 

لە پارێزگاکانی بەسڕە، واست، بابل و کەربەلا خۆپیشاندەران ڕژانە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و لە دروشمەکانیاندا داوایان دەکرد شۆڕش دەستپێبکاتەوە.

  

بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندەران لە پارێزگای واست هەڵیانکوتایە سەر بارەگای حزبەکان و بارەگای ڕێکخراوی بەدریان سوتاند، لە کەربەلاش یەکێتیی قوتابیانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا تا کۆتایی مانگی تەموز مۆڵەتیان دایە حکومەت کە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێبکات.

 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە خۆپێشاندان زۆربەی شارەکانی عێراقی گرتەوە، لە ئاکامدا بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و عێراقییەکان زیاتر لە 500 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و نزیکەی  20 هەزار کەسیش  برینداربوون.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە  عێراق و ڕاگەیاندنی  ڕیکارەکانی بەرگرتن و قەدەغەی گشتی  بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا  خۆپیشاندانەکانی عێراق زیاتر لە دوو مانگە مت بووە، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی  و هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ جارێکی دیکە خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردەوە.

 

 خۆپێشاندانەکانی عێراق عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی  پێشووی عێراقیان ناچارکرد لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەستی پەرلەمانی عێراق بکات.