گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڵگەى هەواڵگریی نوێ لەسەر تاقيگەكەى ووهان بڵاودەكرێتەوە.. چى ڕويداوە؟

2020.05.09 - 22:31
بەڵگەى هەواڵگریی نوێ لەسەر تاقيگەكەى ووهان بڵاودەكرێتەوە.. چى ڕويداوە؟

ناس کورد- 

 

بەپێى ڕاپۆرتێكى نوێ لەسەر دەنگۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە تاقيگەى تايبەت بە زانستى ڤايرۆسەكانى شارى ووهانى چين، هەواڵگرى ئەمريكى ئاشكرايكردوە، لەمانگى 10 ى ساڵى 2019 ڕوداوێك لە تاقيگەكە ڕويداوەو بۆ ماوەى هەفتەيەك تۆڕەكانى مۆبايل لەو ناوچەيە وەستێنراون، ئەوەش گومانەكانى زياتر كردوە.

 

بەپێ ڕاپۆرتەكە كە پێگەى "ئێن بى سى نيوز" بڵاويكردوەتەوە، بەپێى زانياريەكانى هاواڵگرى ئەمريكى لەو بەشەى تاقيگەكەى ووهان كە بە چڕى پاسەوانى دەكرێت لەنێوان 7 بۆ 14 ى مانگى 10ى ساڵى 2019 بەهۆى ڕوداوێكەوە تۆڕەكانى مۆبايل وەستێنراون و ڕێگە نەدراوە هيچ پەيوەنديەك ئەنجام بدرێت، ئەوەش لەوانەيە ڕوداوێكى مەترسيدار لەو ناوچەيە ڕويدابێت.

 

رونيشكراوەتەوە، هەرچەندە ئەوە هيچ بەڵگەيەك نادات بەدەستەوە لەسەر ئەوەى كە تاقيگەكە داخراوە ياخود نا بەهۆى دزەكردنى ڤايرۆسێك بۆ دەرەوە، بەڵام ئەگەر داخستنى تاقيگەكە ڕويدابێت ئەوە بەڵگەيەكە و لە ئێستادا لەلايەن دەزگا هەواڵگريەكانى ئەمريكاوە لێكۆڵينەوەى لەسەر دەكرێت.

 

بەرپرسانى ئيدارەى دۆناڵ ترامپ، سەرۆكى ئەمريكا و ناوبراو خۆشى پێيان وايە، ڤايرۆسى كۆرۆنا لە ئەنجامى هەڵەيەكەوە لە تاقيگەى تايبەت بە لێكۆڵينەوەى ڤايرۆسەكان لە شارى ووهان دزەى كردوە و چينيش بەشاردنەوەى زانياريەكان تۆمەتبار دەكەن و پێيان وايە ئەوەش بوەتە هۆى ئەوەى بە جيهاندا تەشەنە بكات.

 

سيناريۆى دزەكردنى كۆرۆنا لەو تاقيگەيەوە يەكێكە لەو سيناريۆيانەى دەزگا هەواڵگريەكانى ئەمريكا لێكۆڵينەوەى لەبارەوە دەكات، هەرچەند ژمارەيەكى زۆر زانا بيروبۆچونى جياوازيان هەيە و پێيان وايە ڤايرۆسەكە لەڕێگەى گياندارێكەوە لە بازاڕى خواردنە دەرياييەكانى ووهانەوە بڵاوبوەتەوە.

 

بەپێى ئەو زانياريانەى بڵاوكراونەتەوە يەكەم توشبوى كۆرۆنا لە چين لە 17\11\2019 تۆمار كراوە، بەڵام شارەزايان گومانيان لەو كاتە هەيە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى ڤايرۆسەكە لە مانگى 12 گەيشتبوە فەرەنسا و پێيان وايە زۆر زووتر لەو كاتە ڤايرۆسەكە لە چين بڵاوبوەتەوە.


پێشتريش دوو بەرپرسى ئەمريكى ئەوەيان ئاشكرا كردبوو، كە بەپێى داتاكانى تۆڕەكانى مۆبايل و مانگە دەستكردەكان تاقيگەكە بۆ ماوەيەك داخراوە.

 

هەندێك لە بەرپرسانى ترى ئەمريكا پێيان وايە، ڕاپۆرتەكە پشتى بە زانيارى تەنها چەند مۆبايلێك بەستوە لەنێو سەدان هێڵى مۆبايلدا و بەرپرسێك پێى وايە زانياريەكان زۆر لاوازن و لاى ئەو هيچ مانايەكيان نييە.