گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی و بەڵێنەکەی سەرۆکی حکومەت چی بەسەرهات؟

2020.05.09 - 20:42
پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی و بەڵێنەکەی سەرۆکی حکومەت چی بەسەرهات؟

ناس کورد-

ئەگەرچی زیاتر لە سێ مانگ بەرلەئێستا بە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی وترا، بەمنزیکانە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری دەکرێت، بەڵام تائێستا هیچ کارێک نەکراوە و سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش دەڵێت، دەستپێکردنی پڕۆژەکە پەیوەندی بەهەبوونی پارەوە هەیە.

 

لە بەرواری 4ی شوباتی 2020، نوسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە چەند مانگی ڕابردوودا بڕیاریان لە سەر جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە لە سنوری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین داوە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا دەست بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەی 100 مەتریی سلێمانی دەکرێت.

 

چەند ڕۆژێک دواتر و لە بەرواری 13ی شوبات،  کۆمپانیای قەیوان کە جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "بەپێی پلانەکەمان لە مانگی داهاتوودا، لەگەڵ گونجانی کەشوهەوا دەست بە ئامادەکارییە بەراییەکان دەکەین بۆ جێبەجێکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی".

 

ئەمڕۆ کە بەرواری 9ی ئایاری 2020ە و سێ مانگ بەسەر ئەو بەروارەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێنەکردووە و ناشزانرێت کەی دەستپێدەکات.

 

لەوبارەیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە ناس کوردی وت: "کارەکانی پڕۆژەکە لای ئێمە نەماوە و پەیوەندی بە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانییەوە هەیە، چاوەروانی ئەوەین لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەربکرێت و دەستبکرێت بە پڕۆژەکە".

 

هاوکات ئازاد ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، پڕۆژەکە پێویستی بە فەرمانی زارەکی ئەنجومەنی وەزیران هەیە بۆ دەستپێکردن نەک نوسراو.

 

ناس کورد پەیوەندی بە هەریەک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێم و نوسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکی حکومەت کرد، بەڵام هیچ یەکێکیان وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە. 

 

وتیشی، هۆکاری دەستپێنەکردنەکەی زیاتر بۆ ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و نەبوونی پارەشەوە هەیە.

 

ڕوونیشیکردەوە،  پڕۆژەکە پارەکەی بۆ دیاریکراوە کە چەندی بۆ خەرجبکرێت، بەڵام تەرخان نەکراوە و لەبەردەستدا نییە، دەستپێکردنی پڕۆژەکەش پەیوەستە بە تەرخانکردنی پارەکەوە.

 

شەقامی 100 مەتری سلێمانی لە ساڵی 2011وە دەست بە دیزاین و ئامادەکارییەکانی کراوە و ماوەی شەش ساڵیشە بەردی بناغەی دانراوە، بەڵام تائێستا کارەکانی پڕۆژەکە دەستیپێنەکردووە و ناشزانرێت کەی دەستپێدەکات و کەی تەواو دەبێت.