گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کردنەوەى دەوام نۆ ملیۆن خێزانی عێراقی دەخاتە بەر هەڕەشەی کۆرۆنا.. پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات

2020.05.09 - 18:44
کردنەوەى دەوام نۆ ملیۆن خێزانی عێراقی دەخاتە بەر هەڕەشەی کۆرۆنا.. پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات

ناس کورد-

لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق هوشداری دەدات لە کردنەوەی دەرگای زانکۆکان لە دوای کۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزان و ئەو هەنگاوەش بە سەرکێشی ناودەبات، دەشڵێت، نۆ ملیۆن خێزان لە عێراق دەکەونە ژێرهەڕەشەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

 

ڕیاز محەمەد، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیا عێراقییەکان بە دوری زانی حکومەتی عێراق ڕێگە بەوە بدات پاش کۆتایی مانگی ڕەمەزان دەوامی زانکۆکان دەستپێبکاتەوە، هاوکات هۆشداریشدا لە پەیڕەکردنی ئەوهەنگاوە لە لایەن حکومەتەوە. 

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "کردنەوەی دەرگای زانکۆکان دوای مانگی ڕەمەزان سەرکێشییەکی گەورەیە، نابێت حکومەت بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات بەتاییەتی لەم دۆخەی ئێستادا کە ڕۆژانە دەیان حاڵەتی نوێی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق تۆما دەکرێت ".

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیشکردەوە: "باشترین بژاردە لە ئێستادا بۆ نەفەوتاندنی دەوامی ئەمساڵ لە زانکۆکاندا بەردەوامبوون و پەرەپێدانە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی، چونکە گەڕانەوەی خۆێندکاران بۆ زانکۆکانیان لە ئێستادا مەترسی ئەوەی لێدەکەوێتە نزیکەی نۆ ملیۆن خێزانی عێراقی بکەونە ژێر هەڕەشی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە".   

 

باسی لەوەشکرد: "تاوەکو شانەی  قەیرانی کۆرۆنا لە عێراقدا بڕیاری تەواو لەسەر کەمبوونەوەی مەترسی پەتاکە نەدات، ئێمە بە هەموو شێوەیەک پرسی دەسپێکردنەوەی خوێندن لە زانکۆکاندا ڕەتدەکەینەوە".

 

هاوکات هەر ئەمڕۆ( شەممە) عەبدولغەنی ساعدی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ڕەسافە لە شاری بەغدا داوایکرد حکومەت جارێکی دیکە هەنگاو بنێت بۆ سەپاندنی قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ، بەتایبەتی پاش هەڵکشانی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق .

 

لای خۆشییەوە جواد موسەوی، بڕیاردەری شانەی قەیرانەکان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "بە هۆی پابەندنەبوونی هاوڵاتیان بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، داودەکەین حکومەت دەست بکاتەوە بە جێبەجێکردنی قەدەغەی گشتیی لە عێراق لە 20 مانگی ڕەمەزاندا تا دوای کۆتایی رؤژانی چەژنی ڕەمەزان". 

ئەم هۆشدارییانە لەکاتێکدان، چەند رۆژێکە ژمارەی توشبوونی کۆرۆنا لەعێراق لە بەرزبوونەوەدایە و هەر دوێنێ هەینی 60 حاڵەتی نوێ تۆمارکران و دوو کەسیش گیانیانلەدەستدا، بەگشتیش لە سەرەتای سەرهەڵدانی  پەتای کۆرۆنا لە عێراق تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و 102 کەسیش بە پەتاکە گیانیلەدەستداوە.



بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە عێراق لە کاتێکدایە، لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا ژیان ئاسایی بووەتەوە و ماوەی چەند ڕۆژێکیشە هیچ حاڵەتێکی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارنەکراوە.