گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەمنزیکانە شاندەکە دەچنەوە بەغدا

بەغدا هێشتا ڕازی نەبووە بە ناردنی موچەی مانگی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێم

2020.05.09 - 16:44
بەغدا هێشتا ڕازی نەبووە بە ناردنی موچەی مانگی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێم

ناس کورد-

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی بەغدا ڕازی بووە موچەی مانگی (4)ی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان دەڵێت، هێشتا بەغدا هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیەی نەداوە.

 

شەوی ڕابردوو شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی گەڕایەوە هەرێم و لە هەندێک لە میدیاکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە بەغدا ڕەزامەندی داوە موچەی مانگی (4) بنێرێت.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "جارێ هیچ بەڵێنێکی لەوشێوەیە بە شاندەکە نەدراوە کە موچەی مانگی (4)ی فەرمانبەرانی هەرێم بنێردرێت و پێویستە چاوەڕێی دانوستانەکان بکەین".

 

وتیشی، گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندەکە دەچنەوە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی کابینەکەی کازمی گفتوگۆدەکەن.

 

سەبارەت بەوەی ئایا هەردولا دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەو سەرچاوە ئاماژەى بەوەکرد: "با پێش ڕووداوەکان نەکەوین، نازانم ئەم سەردانە دەبێت یاخود سەردانێکی دیکە، بەڵام هەر دەگەینە ڕێککەوتن".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا سێ جار شاندی هەرێم لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق چوونەتە بەغدا، سەرەتا شاندێک بە سەرۆکایەتی ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و دوو جاری ڕابردووش بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی شەوی ڕابردووی شاندەکەش، گفتوگۆکانیان ئەرێنی بوون و چەند لیژنەیەکی تەکنیکی لەبارەی کێشەکانەوە لەنێوان هەردوولادا پێکهێندراون.