گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارتى هەڵوێستى خۆى لەسەر دواخستنى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ یەکێتى ڕاگەیاند

2020.05.09 - 15:38
پارتى هەڵوێستى خۆى لەسەر دواخستنى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ یەکێتى ڕاگەیاند

ناس کورد-

ئەندامێکى مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر داواكاریی یەكێتی دواخراوە، هەرچەندە بۆچوونى جیاجیا هەیە لەنێوان هەردوو حزبدا هەیە بەڵام چارەسەریان دەکەن.

بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆبونەوەى نێوان پارتى و یەکێتى لە بارەگاى سەرۆکى هەرێم لە هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا، ئەوەش لەماوەى کەمتر لە مانگێکدا دووەم جارە دوابخرێت.

 

كاكەمین نەجاڕ، ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى بە پێگەى فەرمى حزبەکەى ڕاگەیاندووە، "بڕیار بوو ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی لەسەر كۆمەڵێك پرس كۆببنەوە، لەوانەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب و بابەتی لامەركەزیی ئیداری و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆخی ناوچەكە، بەڵام لەسەر داواكاریی یەكێتی دواخرا".

 

دواخستنى کۆبوونەوەکە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانى گرژى نوێ لەنێوان هەردوولا، لەسەر پرسی کۆبوونەوەکەى حەوتى ئەم مانگەى پەرلەمان کە یەکێتى و شەش فراکسیۆنى دیکە بایکۆتیان کرد و تێیدا بەدەنگى پارتى و پێکهاتەکان پارێزبەندى یاسایی لە سۆران عومەر پەرلەمانتارى کۆمەڵ هەڵگیرا.

 

کاکەمین نەجار وتى، "ئەو كێشانە، یان ئەو ڕا جیاوازانەی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەن، قابیلی گفتوگۆ و چارەسەرن و هەردوولا بە دیالۆگ چارەیان دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا نین شتەكان گەورە ‌بكرێن، چونكە دۆخی كوردستان و ناوچەكە، ئەوەمان لێ دەخوازێت".

 

جەختیشیکردەوە، بە گشتی پەیوەندییەكان لە ئاستێكی باشدان و ڕای جیاوازیش هەیە، "ئێمە پەیوەندییەكانمان باشە و پێكەوە لە حكومەتین و پێكەوەش كار دەكەین، بۆیە ئاساییە‌ ئەگەر ڕای جیاوازیش لەسەر زۆر پرس هەبێت".

 

بڕیاربوو کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى لە مانگى ڕابردوودا ببەسترێت لەسەر گرژییەکانى زینى وەرتێ و کێشەکانیان لە حکومەت، بەڵام سەرهەڵدانى ناکۆکى نوێ لەنێوانیاندا لەسەر پرسی لامەرکەزیەت و کۆبوونەوەکەى پەرلەمان، چارەنوسى کۆبوونەوەکەى بەنادیارى هێشتووەتەوە.

 

بڕیاریشە سبەینێ سەرکردایەتى یەکێتى کۆبێتەوە و تاوتوێی ئاڵۆزبوونى پەیوەندییەکانى بکات لەگەڵ یەکێتى.

 

فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی بە میدیاكانی حزبه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ "بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، 10ی ئایاری 2020، کۆبوونەوەکە لە سلێمانی بەڕێوەبچێت، تێیدا دۆخی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکرێت."  

  

وتیشی "هەرچەندە بڕیار بوو لەكۆبوونەوەكەی سبەینێدا تاووتوێ كاری ڕێكخراوەی حزب بكرێت، بەڵام كۆبوونەوەکە تایبەت كراوە بەو دۆخە ئاڵۆزەی لە هەرێمی كوردستاندا هاتوەتە ئاراوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت".