گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاوپەیمانێتییەکى عێراقى نزیک لە ئێران داواى پاڵپشتى ئەمریکا بۆ بەغدا دەکات

2020.05.09 - 10:04
هاوپەیمانێتییەکى عێراقى نزیک لە ئێران  داواى پاڵپشتى ئەمریکا بۆ بەغدا دەکات

ناس کورد-

دوای تێپەربوونى كەمتر لە 48 كاتژمێر بەسەر متمانەدان بە كابینەكەی كازمی، هاوپەیمانی فەتحی نزیك لەئێران داوای پاڵپشتی ئەمریكا بۆ عێراق دەكات.

 

بەپێی پێگەى حورەى ئەمریکى، محمەد غەبان سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لەپەڕلەمانی عێراق لەڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاندووە، دەبێت واشنتۆن گرەو لەسەر بایەخدان بەعێراق بكات بەپێشكەشكردنی پاڵپشتیكردنی لەم دۆخە ناهەموارەدا.

 

غەبان داواشی كردووە، ئەمریكا تێپەڕاندنی كابینەكەی كازمی بەسەركەوتنی خۆی و دۆڕانی نەیارەكانی لەعێراق و ناوچەكەدا دانەنێت، هەروەها داواشی كردووە نەبێتە لایەنگری هێزێك لەدژی هێزێكی تر و دڵنیای بداتە خەڵكی عێراق كە جدییە لەپێشكەش كردنی پاڵپشتیەكانی.

 

سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، ئەمڕۆ هەڵوێستی ئەمریكا سەنگی مەحەكە و عێراقیەكانیش چاودێری دۆخەكە دەكەن بزانن كێ بەكرداری لەپشتیانە و کێن ئەوانەى تەنها بەزارەكی گوزارشت لەهەڵوێستەكانیان دەكەن.

 

هەڵوێستەكەی هاوپەیمانی فەتح پێچەوانەی دۆخی ڕاسپێردراوەكانی پێش كازمیە بەتایبەت عەلاوی و زورفی كە زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان هاودەنگ بوون لەسەریان بەڵام لەلایەن هێزەكانی نزیك لەئێرانەوە بەتایبەتی فەتح كار بۆ شكستهێنانیان كرا.

 

بەگوێرەی زانیاری میدیاكان، دۆخەكە بۆكازمی جیاوازتر بوو، توانی شكست بەهەوڵەكانی لایەنەكانی نزیك بەئێران بۆ بەربەست دروستكردن لەبەردەم تێپەڕاندنی كابینەكەی لەپەرلەماندا بهێنیت.

 

بەشێک لە شارەزایان پێوانوایە ئێران زیانمەند دەبێت لەگەیشتنی كازمی بەپۆستی سەرۆك وەزیران، چونكە بەردەوام جەختی لەوە كردووەتەوە دەبێت چەك بەدەستی وڵاتەوە بێت و دەستی وڵاتانی ناوچەكەش لەناوخۆی عێراقدا دووردەخاتەوە.