گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەکاتێکدا جیهان گیرۆدەی کۆرۆنایە دەزانی چەند نەخۆشی ڤایرۆسەکە لە چین ماون؟

2020.05.08 - 23:18
لەکاتێکدا جیهان گیرۆدەی کۆرۆنایە دەزانی چەند نەخۆشی ڤایرۆسەکە لە چین ماون؟

ناس کورد-

 

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە شاری ووهانی چینەوە سەریهەڵدا و بەهەموو جیهاندا بڵاوبووەوە، بەڵام ئێستا ئەو وڵاتە یەکێکە سەلامەتترین وڵاتەکان و تەنها 260 نەخۆشی ڤایرۆسەکەی تێدا ماوەتەوە، لەکاتێکیشدا لەکۆتا 24 کاتژمێردا زیاتر لە 274 هەزار توشبوو تۆمارکراون، تەنها یەک حاڵەتیان لە چین بووە.

 

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی کۆرۆنا، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا تەنها یەک حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە چین تۆمارکراوە و لەکۆی 82 هەزار و 886 توشبووش 77 هەزار و 993 کەسیان چاکبوونەتەوە و تەنها 260 توشبوو لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتەدا ماون.

 

مانەوەی ئەو ژمارە کەمە لە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە جیهاندا لەکاتێکدایە، لەئێستادا زۆرێک لە وڵاتان بەدەست ڤایرۆسەکەوە دەناڵێنن و لەکۆتا 24 کاتژمێردا لە جیهاندا زیاتر لە 274 هەزار توشبووی نوێ تۆمارکراوان و زیاتر لە چوار هەزار توشبووی ڤایرۆسەکەش گیانیانلەدەستداوە.

 

لەو ژمارە زۆرە، تەنها لە ئەمریکا زیاتر لە 17 هەزار و لە ڕوسیاش زیاتر لە 10 هەزار توشبووی نوێ تۆمارکراون و لە ئەمریکا زیاتر لە هەزار کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە.

 

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی چین بڵاوبووەوە و دوای نزیکەی سێ مانگ لە قەدەغەی هاتوچۆ لە بەشێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە و گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکار توانی ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ بکات و ئێستا ژیان لەو وڵاتە ئاسایی بووەتەوە.

 

بەشێك لە وڵاتانی جیهان و لەپێشیانەوە ئەمریکا و بەڕیتانیا پێیانوایە، ڤایرۆسەکە دروستکراوی مرۆڤە یاخود بەهەڵە لە تاقیگە ڤایرۆسییەکانی ووهانەوە دزەی کردووە و بڵاوبووەتەوە و چین تۆمەتبار دەکەن بە شاردنەوەی ڕاستییەکان.