گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

راگە‌یە‌نراوێك لە‌ شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستانە‌وە‌

2020.05.08 - 20:06
راگە‌یە‌نراوێك لە‌ شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستانە‌وە‌

 

ناس کورد-

 

شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا ئەرێنی بوون و خاڵەکانی ناکۆکی لەنێوان هەردوولادا دیاریکراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێداگیری دەکەن لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەران.

 

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا شانی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند: "لە‌ ماوە‌ی دوو ھە‌فتە‌ی رابردوودا شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان، چە‌ندین كۆبوونە‌وە‌ی لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق و لایە‌ن و حیزبە‌ سیاسییە‌كان و ژمارە‌یە‌ك لە‌ ‌پە‌رلە‌‌مانتاران لە‌بە‌غدا ئە‌نجامدا، بە‌مە‌بە‌ستی گفتوگۆ كردن و چارە‌سە‌ركردنی پرسی  شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌ش ‌دوو لیژنە‌ی دارایی و نە‌وتیی لە‌نێوان ھە‌ردوولا ( حكومە‌تی فیدراڵ وحكومە‌تی ھە‌رێم) پێكھێنران كە‌ وە‌ك تیمێكی ھاوبە‌ش كاریان لە‌سە‌ر دیاریكردنی گرفتە‌كان و داڕشتنی میكانیزمێكی گونجاو و یاسایی بۆ چارە‌سە‌ر كردنیان، كاریان دە‌كرد".

 

شاندەکەی حکومەتی هەرێم کە بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی چەند ڕۆژێکە لە بەغدایە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، كۆبوونە‌وە‌كان ئە‌رێنی بوون و خاڵە‌كانی ناكۆكی نێوان ھە‌رێم و عێراق دیاری كران و تیمە‌ ھاوبە‌شە‌كان چە‌ندین پێشنییاریان ئامادەو گە‌ڵاڵە‌ كرد، بۆ ئە‌وە‌ی ببنە‌ بنە‌مای كاركردنی پێكە‌وە‌یی تا گە‌یشتن بە‌رێككە‌وتنی تە‌واوە‌تی لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی نوێی عێراق.

 

ئاماژە بەوەشکراوە: "حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان، پابە‌ندی خۆی نیشاندا لە‌سە‌ر پرسی نە‌وت و ئیلتزاماتی نە‌وتی ھە‌رێم بە‌مە‌بە‌ستی گە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن، ھە‌روە‌ھا شاندی دانوستانكار پێداگری لە‌سە‌ر شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان كردووە‌ و بە‌تایبە‌ت پرسی مووچە‌".

 

لە ڕاگەیەندراوی شاندەکەی حکومەتی هەرێمدا ئەوەش هاتووە، دە‌رئە‌نجامی كۆبوونە‌وە‌كان، لە‌سە‌ر پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و پرسی نە‌وت، ئاڕاستە‌ی حكومە‌تی نوێی عێراقیش كراون و گفتوگۆكان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌داھاتوودا تا گە‌یشتن بە‌ چارە‌سە‌ری گونجاو.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا شاندەکەی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە: "ئاشكرایە‌، ئە‌و بودجە‌یە‌ی كە‌ لە‌ حكومە‌تی فیدراڵە‌وە‌ دە‌ھاتە‌ ھە‌رێم لە‌ ساڵی ٢٠١٩ ولە‌  سێ مانگی یە‌كە‌می ٢٠٢٠، نیوە‌ی ئە‌و بودجە‌یە‌ دە‌كات كە‌ حكومە‌تی ھە‌رێم دە‌یدات بە‌موچە‌خۆرانی ھە‌رێم. بۆیە‌ پیداگری كرا لە‌سە‌ر خەرجکردنی تە‌واوی شایستە‌ داراییە‌كان".