گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەسەر بەکارهێنانی نوێنەری کۆتاکان بۆ ململانێی سیاسی نامەیەک دەدرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان

2020.05.08 - 18:40
لەسەر بەکارهێنانی نوێنەری کۆتاکان بۆ ململانێی سیاسی نامەیەک دەدرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان

ناس کورد-

 

نوێنەرێكی پێشووی پێكهاتەی مەسیحیەكان لەپەرلەمانی عێراق لەنامەیەكی دا كە ئاڕاستەی نەتەوە یەكگرتووەكان و نوێنەرایەتی كۆتاكانی هەرێم و بەغدای كردووە داوا دەكات كۆتایی بەو قۆرخكارییە بهێنرێت كە زیاتر لە 15 ساڵە كۆتاكان بۆ ململانێی ناوخۆییەكانی حزبەكان بەكاردەهێنرێن.

 

جۆزیف سیڵۆ، پەرلەمانتاری پێشووی پێكهاتەی مەسیحییەكان لەپەرلەمانی عێراق،  لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی هەریەكە لە نوێنەرایەتی كۆتاكان لەهەرێم و بەغدا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەو گەلانەی كە كۆتاكان نوێنەرایەتیان دەكەن کردووە باسی لە بەکارهێنانی ئەو پێکهاتانە و کورسییە پەرلەمانیەکانیان کردووە بۆ ململانێی حزبی. 



لە نامەكەی سیلۆ دا هاتووە: "ئێوە دەزانن كاری نوێنەرایەتی كۆتاكان ئەوە نیە ببێتە داردەستی هیچ لایەنێك بۆئەوەی ببێتە بەشێك لە ململانێی ناوخۆییەكان كەپەیوەندی بەلایەنە ململانێكەرەكانەوە هەیە، چونكە نە وشترە مێیەكە هی ئەوانە و نە نێرەكەش". 



ئاماژەی بەوەشكردووە: 'ئەركی ئێوە بەرگری كردنە لەتایبەتمەندێتی كەمینەكان لەیاسا و بڕیارەكانی ناو دەزگاكانی حكومەتتدا، نەک چوونە نێو ئەو ململانێیانەوە". 



باسی لەوەشكردووە، لەسەرەتای دامەزراندنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە، بەشێوەیەك لەشێوەكان كۆتاكان ڕاكێشراوەنە ناو ململانێكانەوە كە پەیوەندی پێیانەوە نەبووە و ئەوەش بووەتەهۆی مافی كەمینەكان زیانیان پێبگات و لەبەرامبەریشدا چەند كەسێكی كەم بەرژەوەندی لەو دۆخە بكەن.



نوێنەری پێكهاتەی مەسیحیەكان ئەوەشی دركاندووە، لەساڵی 2003ەوە ئەو ئەزمونەی هەرێم بۆ بەغداش گواستراوەتەوە بەهەمان بەرنامەی پڕ هەڵەوە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، بۆیە بەوانەی مل بۆ ئەو جۆرە سیاسەتە دەدەن دەڵێت: " شەرم لەخۆتان بكەن، چونكە مێژوو شەرمتان لێ ناكات". 



لەكۆتایی نامەكەشی دا، جۆزیف داوا دەكات چارەسەرێكی لۆژیكی بۆ كۆتاییهێنان بەقۆرخكاری كۆتاكان دابنرێت و لەو جۆرە ململانێیانە بەدور بخرێتەوە.