گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەڕلەمانتارێكی پارتی: دەست لە فوئاد حسێن هەڵناگرین و تەنها كاندیدە بۆ وەزارەتی دەرەوە

2020.05.08 - 16:58
پەڕلەمانتارێكی پارتی: دەست لە فوئاد حسێن هەڵناگرین و تەنها كاندیدە بۆ وەزارەتی دەرەوە

ناس کورد-

 

پەرلەمانتارێكی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا ڕایدەگەیەنێت، حزبەكەی دەستبەرداری فوئاد حوسێن نابێت و تەنها كاندیدیانە بۆ وەزارەتی دەرەوە كە ئەو وەزارەتە وەكو پشكی كورد دیاریكراوە.

 

بەشار كیكیی، پەرلەمانتاری پارتی لەبەغدا بە "شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاندووە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستهەڵناگرێت لە كاندیدكردنی فوئاد حوسێن بۆ وەزارەتی دەرەوە و جگە لەو هیچ كاندیدێكی دیكەی بۆ ئەو پۆستە نیە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران، ناوی فوئاد حسێن بۆ پۆستەكە و دوو كاندیدی دیكە كە پۆستەكانیان بە بەتاڵی ماونەتەوە پێشكەشی پەرلەمان دەكات.

 

پەڕلەمانتارەكەی پارتی باسی لەوەشكردووە، وەزارەتی دەرەوە دەبێتە پشكی كورد بەپێی ڕێكکەوتن لەگەڵ پێكهاتەی شیعەكان دوای ئەوەی كورد دەستی هەڵگرت لەسەر وەزارەتی دارایی پێش متمانەدان بەحكومەتەكەی كازمی.

 

شەوی چوارشەممە، پەرلەمانی عێراق متمانەی بەخشیە كابینەكەی كازمی و 15 وەزیری ئەو كابینەیە توانییان متمانە وەربگرن، بەڵام بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكانەوە، هەر یەكە لەوەزارەتەكانی نەوت و دەرەوە بەبەتاڵی هێڵدرانەوە.

 

کاندیدکردنەوەی فوئاد حسێن بۆ ئەو پۆستە لەلایەن پارتییەوە لەکاتێکدایە، لایەنە سیاسییە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە، نابێت هیچ وەزیرێکی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی لە کابینەکەی کازمیدا بمێنێتەوە.