گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زەرەرمەندانی باران و لافاوەکان قەرەبوو دەکرێنەوە؟

2019.04.11 - 14:40
App store icon Play store icon Play store icon
زەرەرمەندانی باران و لافاوەکان قەرەبوو دەکرێنەوە؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-شەهرام عەزیز

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەى قەزای دوکان کە بەهۆى باران و لافاوی ئەمساڵەوە ژێرئاوکەوتوون قەرەبوو ناکرێنەوە.

شاڵاو جەمال بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، گەنم و دانەوێڵەى ئەو زەوییە کشتوکاڵیانە ژەنگیان کردووە و خراپ بوون، هەرچەندە وەزارەتى کشتوکاڵ ڕێگەى داوە کشتوکاڵ لەو زەوییانەدا بکرێت بەڵام یاسایی نین و ئەگەر قەرەبووکردنەوەش هەبێت، ئەو زەوییانە ناگرێتەوە.

شاڵاو جەمال وتیشى، تائێستا ئاماری تەواوەتى زەرەر و زیانى تەواوەتى بارانبارین و لافاوی ئەمساڵیان دیاری نەکراون.

سەبارەت بە زیانی ژێرئاوکەوتنى پڕۆژە گەشتیارییەکان و ئاوتێچوونی ماڵەکان، سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزاکە بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ دەستنیشانکردنی زیانەکان بەڵام تائێستا ئاماری کۆتاییان لەبەردەستدا نییە.

سیروان سەرحەد وتیشى، لەدوای کۆکردنەوەى ئاماری زیانەکان، ڕاپۆرتی خۆیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم بەرزدەکەنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان.

لەبارەى زیانەکانى لافاو لە ئیدارەى گەرمیان، شادیە حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، نزیکەی 1650 دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەهۆی لافاوەوە لەناوچوون و داوایان کردووە قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە.

زیانەکانی لافاو تەنها هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە و ناوچەکانی خوارووی عێراقیش ڕووبەڕووی زیان بوونەوە و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش هەوڵی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەدات.

حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند، وەزارەتەکەیان لەڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە چەند لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ دەستنیشانكردنی زیانەکان.

وتیشى، ئەگەر لیژنەیەک لە حكومەتی فیدراڵی دروست بكرێت  بۆ قەرەبووكردنەوەی جوتیارانی عێراق ئەوا هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و  چاوەڕێ دەكرێت بە هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانی عێراق لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە دروست بكرێت.