گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامێک لە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامییەوە لەبارەی لابردنی پارێزبەندی سەر سۆران عومەر

2020.05.07 - 20:19
پەیامێک لە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامییەوە لەبارەی لابردنی پارێزبەندی سەر سۆران عومەر

ناس کورد-

 

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی لابردنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو هەوڵەی پارتی زیانێكی گەورەی بە سومعەی پەرلەمان‌ و قەوارەی سیاسی هەرێم و   خودی خۆیشی گەیاند و درزێكی سیاسیی گەورەی پەیداكرد.   

 

لە ڕونکردنەوەیەکدا عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند: " بەپێویستم زانی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە چەند سەرنجێك بخەمەڕوو، لەلای هەمووان ئاشكرایە هەرێمی كوردستان ‌و عێڕاقیش بەبارودۆخێكی زۆر هەستیارو دژواردا ڕەت دەبن، كە پێویستیمان بە هەرچی زیاتر پاراستنی تەبایی‌و یەكڕیزیی هەیە و گرێدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان لەم هەل ‌و مەرجەدا كە خەڵك ‌و جەماوەر چاوەڕێی چارەسەركرانی گرفت‌و كێشەكانی گوزەرانیان دەكەن، بەمەبەستی لابردنی پارێزبەندیی (حصانە) لەسەر چەند پەرلەمانتارێك شتێكی سەیرو نالۆژیكییە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "بێگومان هیچ كەس نكۆڵیی لەجێبەجێكردنی یاسا ناكات ‌و ئێمەش گرفتاری پێشێلكرانی یاساین، بەڵام یاسا نابێ‌ بە بانێكەو دوو هەوا پیادە بكرێ ‌‌و وەك لاستیك بەكەیفی خۆت بەرەولای بەرژەوەندییەكانتی بكێشێ ‌‌و ئەگەر زانیت قازانجتە پەنای بۆ بەری‌ و ئەگەر زانیشت بۆت باش نیە پێشێلی بكەی".

 

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئێمە هەرگیز لەگەڵ لابردنی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران نەبووین ‌و نابین، مادام بەهۆی ڕەخنەگرتن ‌و قسكەكردنەوە بێ‌، چونكە ئەوە مانای بێدەنگ كردنی پەرلەمانتارانە و پەكخستنی گرنگترین كاروچالاكییانە كە ڕەخنە گرتن ‌و چاودێریی كردنی حكوومەت ‌و دامودەزگاكانە".

 

لە پەیامەکەیدا عەلی باپیر دەشڵێت: " لێرەوەش زۆر سوپاس‌و دەستخۆشیی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان‌ و سەرجەم فراكسیۆنە هاودەنگەكانیش دەكەم، كە كە ئامادەنەبوون مل بدەن بۆ ئەو هەوڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێموایە زیانێكی گەورەی بە سومعەی پەرلەمان‌ و قەوارە سیاسییەكەمان‌و خودی خۆیشی گەیاند و درزێكی سیاسیی گەورەی پەیداكرد".

 

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشكردووە، جێی سەرسوڕمانیشە كە پارتی دوێنێ‌ گوێی بەداواكاریی حەوت فراكسیۆنی جۆراوجۆری پەرلەمان نەدا، بۆ چاوپێداگێڕانەوەی ئەو هەوڵ ‌و هەنگاوەی، ئایا ئەو لایەنەی لەهەموو كەس‌ و لایەنێك "بەحەق یان ناحەق" لەم وڵاتەدا زیاتر بەهرەمەندە نەدەبوو بەتەنگ پاراستنی تەبایی‌ و یەكڕیزییەوەبێ‌؟.

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەلی باپیر ئەوەی خستووەتەڕوو: "هیواداریشم هیچ كەس گرەو لەسەر ئەوە نەكات كە كۆمەڵی ئیسلامیی لەژێر زەخت‌و فشاردا دەستبەرداری هەڵوێستە مەبدەئییەكانی بێت، بەتایبەت وەدەنگ هاتن لەسەر بەرژەوەندیی گشتیی‌و بەرگریی لەچینی هەژارو نەدار، كاك سۆران عومەریش كادیرێكی دڵسۆزو كارای كۆمەڵی ئیسلامییەو، هیچ كات لاریی نەبووە لە ئامادەبوون لەبەردەم دادگادا گرنگ ئەوەیە دادگاییەكی دادگەرانەو بێ‌ غەرەز بكرێ‌".