گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارێزبەندى لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتارى کۆمەڵ هەڵگیرا

2020.05.07 - 13:46
پارێزبەندى لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتارى کۆمەڵ هەڵگیرا

ناس کورد-

بەدەنگى 57 پەرلەمانتار، پارێزبەندى لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتارى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان هەڵگیرا. 

 

لەدانیشتنەکەى پەرلەمانى کوردستاندا کە بە ئامادەبوونى 57 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو و بەدەنگى 57 پەرلەمانتار، پارێزبەندى لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتارى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان هەڵگیرا و پارێزبەندى هەریەک لە پەرلەمانتاران  (ئومێد عەبدولڕەحمان و عەلى حەمە ساڵح و شیرین ئەمین) هەڵنەگیرا و پەسەند نەکرا.

 

هەڵگرتنى پارێزبەندى لەسەر ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە کە سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و هەریەک لە فراکسیۆنەکانى (یەکێتى، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، نەوەى نوێ، شیوعى) لە پەرلەمانى کوردستان بایکۆتى دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستانیان کرد.

 

پیشتر ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنەکەى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد کە لە دانیشتنەکەدا  گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەر دەکرێت، يەكەميان  خستنه‌ڕو و ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندیی چوار پەرلەمانتار ئەوانيش "ئومێد عبدولڕەحمان حەسەن"  له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تیی‌ دادگای (تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی كه‌ركوك/ گه‌رمیان/ دادگای لێكۆلینه‌وه‌ی كه‌لار)، هەروەها دوەميان "عەلی حەمه‌ ساڵح" له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تیی‌ دادگای (تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی/دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی/2و4).  

 

سەبارەت بە دوو پەرلەمانتارەكەى تر هاتوە، يەكيان "شیرین ئەمين عەبدولعەزيز" بە نوسراوی سه‌رۆكایه‌تیی‌ ‌دادگای (تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی/ دادگای لێكۆلینه‌وه‌ی سلێمانی/6)، هەروەها "سۆران عومەر سه‌عید" له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تیی دادگای (تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی/دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی/1‌) و‌ نوسراوی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌یوه‌ندییه‌كان و كاروباری یاسایی و نوسراوی سه‌رۆكایه‌تیی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێر/دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر. 

 

سەبارەت بە تەوەرى دووەمى دانيشتنەكە رونكراوەتەوە، تەوەرى دوەم بريتيە لە خوێندنه‌وه‌ی دوه‌می پێشنیازه‌ بڕیاری پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌ یاسا و پێشنیازه‌ بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌ده‌ر له‌ حوكمی مادده‌ی 82 ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89، 92) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.