گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەتای کۆرۆنا دەبێتە دێوەزمەی حکومەتی ئێران و هەرەسی پێ دەهێنێت؟ 

2020.05.07 - 13:06
پەتای کۆرۆنا دەبێتە دێوەزمەی حکومەتی ئێران و هەرەسی پێ دەهێنێت؟ 

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلى پێشبینی ئەوەی کردوە، پەتای کۆرۆنا ئەو پۆشە بێت کە کەمەری حکومەتی ئێران بشکێنێت و ببێت بە هۆکاری ڕاماڵینی ئەو سیستمە حکومڕانییەی کە ئێستا ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبات.

 

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "جیرۆزالیم"ی ئیسرائیلى، پێدەچێت خراپی سیستمی کارگێری ئێران، کێشەى کەڵەکەبووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و دەیان قەیرانی دیکە لەو وڵاتە کە دواینیان بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە ڕژێمی ئێران بەرەو ڕووخان ببات.

 

ڕۆژنامەکە پێشبینییەکان دەربارەی چارەنووسی حکومەتی  ئێران لەسەر بنەمای شیکاری و بەراوردکاری لە نێوان دۆخی ئێستای ئێران و یەکێتی سۆڤێتی پێشوو هەڵچنیوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، پێش سەرهەڵدانی کێشەی وێستگەی ئەتۆمی "چێرنۆبڵ" لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کەبوو بەهۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس لە یەکێتی سۆڤێت، ئەو وڵاتە بەدەست دەیان کێشەی ناوخۆیی، دەرەکی، ئابوری و کۆمەڵایەتی دەیناڵاند، بۆیە تەقینەوەی وێستگە ئەتۆمییەکەی چێرنوبڵ ئەو پۆشە بووە کە کەمەری یەکێتی سوڤێتی شکاند و لە کۆتایشدا هەرەسی پێ هێنا.

 

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، پێشبینی ئەوەی کردوە هاوشێوەی هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤێت کە چیرنۆبڵ بوو بە کەمەرشکێنی، قەیرانی کۆرۆناش ئەو مۆتەکەیە بێت کە سیستمی حوکمڕانى لە ئێران بەرەو چارەنوسی ڕوخان ببات.

 

ڕۆژنامەی جیرۆزالیم، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەی خستوەتە ڕوو، سەرباری ئەوەی پەتای کۆرۆنا گورزی سەختی لە حکومەتی ئێران داوە و زیاتر لە شەش هەزار کەس بەو ڤایرۆسە مردون و زیاتر لە 100 هەزار کەسی دیکەش توشی پەتاکە بوون، بەڵام حکومەتی ئێران سورە لەسەر بەردەوامبوون لە گوێ نەدان و بایەخنەدان بە بەباری تەندروستی و بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی.

 

 بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، ئێران تائێستا بەردەوامە لە تەرخانکردنی بەشێکی زۆر لە داراییەکەی لە پێناو دەستێوەردانی دەرەکی لە عێراق، لوبنان و یەمەن.

 

 ئاماژە بەوەشکراوە، سەرباری ئەوەی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران لە هەڵکشاندایە، بەڵام دەسەڵات ڕێکارەکانی قەدەغەی گشتی و خۆپارێزی لە پەتاکە وەک پێویست جێبەجێنەکردووە بە جۆرێک لە 11ى نیسانی ڕابردوەوە ڕێگەی بەکردنەوەى کایە ئابورییەکان و لە 30%ی مزگەوتەکانیش داوە.

 

ڕاپۆرتى ڕۆژنامەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە، چۆن کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی سۆڤێت کۆتایی ئەو وڵاتەی دیاری کرد، بە هەمان شێوەش، خۆپیشاندانەکانی پێشووی ئێران و ناڕەزایەتییەکانی گەل دژ بە گەندەڵی، ساختەکردنی هەڵبژاردنەکان و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی کۆتایی بەو ڕژێمە دەهێنێت.

 

ڕۆژنامەکە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا جەختیلەوەکردوە، کە حکومەتی ئێران بە پەرۆشەوە لە خەمی تەندروستی میللەتەکەیدا نییە، چونکە سەربارەی ئەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەموو گەشتە ئاسمانییەکانیان بەڕووی وڵاتی چیندا داخست، بەڵام ئەوەی تێبینی کراوەکۆمپانیای فڕۆکەوانی ماهانی سەر بەحکومەت بەردەوام بووە  لە گەشتەکانی تاکۆتاییەکانی مانگی شوباتی ڕابردوو، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێران پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ  لە پێشینەی سیاسەتەکەیدا  نایگۆڕێتەوە بە باشکردنی دۆخی گوزەرانی میللەتەکەی.