ناس کورد-
فالح خەزعەلى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند "عەبدولڕەحمان مستەفا" پاڵێوراو بۆ وەزيرى داد لە حكومەتەكەى مستەفا كازمى بڕواى بە يەكگرتويى خاكى عێراق نييە و هەندێك پاڵێوراوى تريش نيشانەى پرسياريان لەسەرە و پێشتر بەڵگەنامە لە دژيان هەبوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
خەزعەلى لە لێدوانێكى ڕۆژنامەوانیدا رونیکردەوە، لە كابينەكەى مستەفا كازمى چەندين وەزير مەلەفى گەندەڵيان هەيە و هەندێكيان هەر بڕوايان بە يەكگرتويى خاكى عێراق نييە لەوانەش پاڵێوراوى وەزارەتى داد، هەروەها نوێنەرايەتى خەڵكى ناوەڕاست و باشور بەتايبەتى پارێزگاى بەسرە كە خەزێنەى عێراقە لە كابينەكەى كازميدا نابينرێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، من كە نوێنەرى پارێزگاى بەسرەم لە دەنگدان بە كابينەكەى مستەفا كازمى بەشدارى ناكەم و داواش لە پەرلەمانتارانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بەتايبەتى پارێزگاى بەسرە دەكات دەنگ بە كابينەكە نەدەن، ئەوەش بۆ ئەوەى نامەيەك ئاراستە بكەن بەوەى كە ئەوان نوێنەرى خەڵكن و پێويستە نوێنەريان لە كابينەى حكومەتدا هەبێت.
ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، هەروەها هەندێك لە پاڵێوراون نيشانەى پرسياريان لەسەرە و بەڵگەنامە دژيان بڵاوكراوەتەوە وەك پاڵێوراوى وەزارەتى پەيوەنديەكان هەروەها وەزارەتى كار، هەروەها چەندين گومان لەسەر هەندێكيان هەن و پێشكەشى دادگا كراون، پێويستە پاڵێوراوان بە ئازادانە و بە بەرپرسيارانە ديارى بكرێن.
ئەو پەرلەمانتارە لەو بڕوایەشدایە، ئەوەى ڕويداوە بەڵگەيە لەسەر ئەوەى كە كازمى بە ئازادانە ناوەكانى ديارى نەكردوە و پەستانى لەسەر بوە بۆ دانانى هەندێك لە كەسايەتيەكان، ئەوەش نامەيەكە كە جەخت لە بێتوانايى لە دياركردنى كەسانى بەتوانا و سەربەخۆ دەكاتەوە.