گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتێکى ئەمریکى شیکردنەوە بۆ هێرشەکانى داعش لە عێراق دەکات.. مانگانە چەندى دەستدەکەوێت؟

2020.05.06 - 15:56
ڕاپۆرتێکى ئەمریکى شیکردنەوە بۆ هێرشەکانى داعش لە عێراق دەکات.. مانگانە چەندى دەستدەکەوێت؟

ناس کورد-

ڕێکخراوى داعش لەڕێگەى مانەوەى لە شوێنە ستراتیژییەکان و کۆکردنەوەى داهاتێکى زۆرەوە، هەوڵدەدات پارێزگارى لە مانەوەى بکات لە عێراق و بەردەوامیبدات بە هێرشەکانى.

 

سەنتەرى سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانى ئەمریکى لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، سەرەڕاى شکستى داعش لەرووى هەرێمایەتییەوە، بەڵام ئەو رێکخراوە تا ئێستاش پارێزگارى لە بوونى خۆى دەکات، دواى پاشەکشەى لە کۆمەڵەیەکى گەورەوە بۆ ژمارەیەکى کەم خەڵک، سەرەڕاى پارێزگاریکردن لە تواناى هێرشى چەکدارى کە کیشوەرەکان دەبرێت.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، جموجۆڵەکانى داعش بەدرێژایی ئەم چەند مانگەى دوایی لە عێراق، دینامیکیەتى ئەو رێکخراوى دەرخست کە تا ئێستاش بە ئازادى لە هەندێک ناوچە هاتوچۆ دەکات.

 

هەروەها جموجۆڵەکانى داعش دەریخست کە ململانێی سیاسى لە عێراق قۆستووەتەوە.

 

هەلێکى لەبار

ڕێکخراوى داعش بارودۆخى ئێستاى عێراقى وەک هەلێک قۆستووەتەوە بۆ کردەوە چەکدارییەکانى، بەتایبەتى لەگەڵ سەرهەڵدانى ناڕەزاییە فراوانەکان لە ئۆکتۆبەرى 2019، دەستلەکارکێشانەوەى حکومەت، ململانێی ناوخۆیی دواى کوژرانى ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى، کشانەوەى بەشێک لە هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق. 

 

ئەو رێکخراوە ئەو هەلەى قۆستووەتەوە بۆ هێرشەکانى لە دیالە و سەڵاحەدین و نەینەوا و کەرکوک و ناوچەکانى باکورى بەغدا.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو هێرشانە لەسەر دەستى گروپێک دەکرێن کە لە نۆ بۆ 11 کەس پێکهاتوون، کە لەبەشى زۆریاندا دوبارە بڵاوکردنەوەى هێزە ئەمنییەکان لە ناوەڕاست و باشورى عێراق بەهۆى خۆپیشاندانەکانى دژى حکومەتەوە قۆستووەتەوە.

 

ئەو رێکخراوە هەروەها ئەمساڵ بەردەوامیدا لە بە ئامانجگرتنى هێزەکانى حەشى شەعبى و حەشدى عەشایەرى لە خۆرئاواى سەڵاحەدین و باکورى رۆژهەڵاتى دیالە.

 

داعش تەکتیکێکى نوێ پەیڕەودەکات بۆ جوڵەکردن بە شانە نوستووەکانى بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە کەناراوەکانى باشورى سامەرا و باکورى بەغدا. ئەوەش واتە ئەو رێکخراوە پارێزگارى لە بوونى چەکدارە شارەزاکانى کردووە بۆ بەکارهێنانیان لەو یاخیبونەى ئێستا لە عێراق هەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکە.

 

ناوچەى ستراتیژى و دەوڵەمەند

سەنتەرە ئەمریکییەکە لە راپۆرتەکەیدا باسى لە بوونى داعش کردووە لەناوچە ستراتیژییەکان، کە دەکەونە ناوچە هاوسنورییەکان لەگەڵ سوریا لە خۆرئاوا و ئێران لە رۆژهەڵاتەوە.

 

بوونى داعش لەو ناوچە سنوریانە تواناى داوە بەو رێکخراوە کە رێگا خێراکان بە ئامانج بگرێت لەنێوان پارێزگاکانى خۆرئاوا و باکور و ڕۆژهەڵات، لەگەڵ بە ئامانجگرتنى هێڵى بازرگانى و نەوت و ئۆتۆمبیلەکانى گواستنەوەى غاز و هێڵەکانى گواستنەوەى وزە و تۆڕەکانى کارەبا و پەیوەندى و ئینتەرنیت.

 

بەپێى ئەو دانپێدانانەى هێزە عێراقییەکان تۆماریانکردووە، ئەو هێڵانە مانگانە نزیکەى سێ ملیۆن دۆلار بۆ داعش دەستەبەردەکات.

 

داعش داهاتەکەى لەرێگەى سەپاندنى باج و زەکات بەسەر کۆمپانیاکانى گواستنەوە و کەلوپەلى پزیشکى و چەک و جگەرە دەستدەکەوێت، لەگەڵ بە قاچاخبردنى نەوت و خۆراک و کەلوپەلى قەدەغەکراو.

 

راپۆرتەکە وەبەرهێنانى داعش لە عێراق بە لانى کەم 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت، کە مانگانە چوار ملیۆن دۆلارى بۆ مسۆگەر دەکات.

 

ئەو پارەیە یارمەتى داعشیداوە کە پەیوەندى لەگەڵ شانە نوستووەکان بهێڵێتەوە، کە مانگانە 200-250 دۆلار بەهەر چەکدارێک دەدات، لەگەڵ 500-600 دۆلار بە فەرماندەکانیان.

 

هەروەها راپۆرتەکە ئاماژەى بە هەوڵى رێکخراوەکە کردووە بۆ دابینکردنى شوێنى ئارام بۆخۆى، لەرێگەى زیندبوونەوەى لە گوندە دورەدەستەکانى باکور و ناوەڕاستى عێراق، کە بەهۆى شاخ و بوونى ئەشکەوتەوە یارمەتیدەدات بۆ مەشقکردن بە ئەندامەکانى.

 

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، بە ئامانج گرتنى ناوچەکانى دەوروبەرى شار و گوندە گەورەکان هۆکارێکى سەرەکییە بۆ مانەوەى رێکخراوەکە تا ئێستا، چونکە ئەو ناوچانە بارودۆخیان ناسەقامگیرە بەهۆى ململانێی نێوان حەشدى شەعبى و حەشدى عەشایەرى و هێزە خۆجێییەکان.

 

کارە لە پێشینەکانى داعش

راپۆرتەکە سێ کارى چاوەڕوانکراوى لە پێشینەى داعشى دیاریکردووە کە چالاکییەکانى داعش روندەکاتەوە.

 

یەکەم ستراتیژ تێکشکاندنى مەعنەویاتى هێزەکانى سەر بە هۆزە سونییەکانى پشتیوانى حکومەتە، داعش پێیوایە سەرۆک هۆزەکان و موختارەکان "یاخی بوون"، لەچەند مانگى ڕابردوودا توندوتیژى گەورەى دژیان ئەنجامداوە.

 

دووەم کارى لەپێشینەى ئەو رێکخراوە بەپێی راپۆرتەکە، جموجۆڵە لەنێوان ناوچە چۆڵەکان و گوندە دورە دەستەکان لەگەڵ هەوڵدان بۆ دزەکردنە ناو ناوچەکانى دەوروبەرى شارەکان، لەناویاندا دەوروبەرى بەغدا و تکریت و سامەرا و موسڵ و کەرکوک.

 

سێیەم کارى لە پێشینەى داعش خۆى دەبینێتەوە لە تەگەرەخستنە بەردەم گەڕانەوەى ژیانى ئاسایی بۆ ناوچە رزگارکراوەکان.

 

داعش لەمساڵدا هێرشەکانى زیاتر بۆ سەر ناوچەکانى دیالە و سەڵاحەدین و باکورى بەغدا و کەرکوک و نەینەوا بووە، کە ناوچەیەکى بازنەیی دروستدەکات لە رۆژهەڵات و باکورى عێراق. لەمانگى نیساندا داعش 87 هێرشى لەو ناوچانە ئەنجامداوە کە 183 کوژراویان لێکەوتووەتەوە.