گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى پێشنیازە نوێیەکانى هەرێم بۆ بەغدا لەبارەى نەوت و موچەوە

2020.05.06 - 12:55
ناوەڕۆکى پێشنیازە نوێیەکانى هەرێم بۆ بەغدا لەبارەى نەوت و موچەوە

ناس كورد-

شاندى هەرێمى کوردستان بە پیشنیازى نوێوە ئەمڕۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانى عێراق دەستپێدەکاتەوە، فراکسیۆنە کوردییەکانیش چاوەڕوانى ئەنجامى دانوستانەکان دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەى هەڵوێستیان لەبارەى کابینەکەى مستەفا کازمییەوە کە بڕیارە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەماندا بخرێتە دەنگدانەوە.

 

بڕیارە ئەمرۆ شاندى هەرێمى کوردستان کە شەوى ڕابردوو گەیشتە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانى عێراق کۆبێتەوە بۆ تەواوکردنى دانوستانەکان لەبارەى موچەى فەرمانبەران و نەوتەوە، پێش کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەى کازمى کە ئێوارەى ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، لەئێستاشدا لەگەڵ وەزیری نەوت و شاندەکەى کۆدەبنەوە.

 

بەهار مەحمود، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "فراکسیۆنە کوردییەکان چاوەڕوانى دەرەنجامى دانوستانەکانى شاندى هەرێم دەکەن بۆ ئەوەى هەڵوێستى خۆیان لەبارەى کابینەکەى کازمى یەکلایی بکەنەوە".

 

دانوستانەکانى ئەمڕۆ تەواوکەرى دانوستانەکانى هەفتەى ڕابردوون لەبارەى موچەى فەرمانبەرانەوە کە ئەنجامى ئەوتۆیان لێنەکەوتەوە.

 

شاندى هەرێمى کوردستان پێشنیازى نوێیان ئامادەکردووە، بۆ ئەوەى لەگەڵ بەغدا بگەن ڕێککەوتن، لانى کەم بۆ ئەم مانگە تا بتوانرێت موچەى فەرمانبەرانى هەرێم دابەشبکرێت.

 

بەهار مەحمود وتى، "شاندى هەرێم ئەمڕۆ پێشنیازەکانى رادەستى دەسەڵاتدارانى عێراق دەکات بۆ ئەوەى لەسەر موچەى فەرمانبەران و نەوت بگەنە رێککەوتن، ئێمەش چاوەڕوانى ئەنجامى کۆبوونەوەکان دەکەین".

دواى بڕینى پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە لە مانگى ڕابردوودا، بەپاساوى ڕادەستنەکردنى نەوت، هەرێمى کوردستان چەندجارێک ئامادەیی بۆ ڕادەستکردنى نەوت نیشانداوە، بەڵام بەغدا داواى کۆى داهاتەکانى هەرێم دەکات.  

 

بەوتەى بەهار مەحمود، شاندى هەرێم لیستى تۆمارى بایۆمەترى سەرجەم فەرمانبەران ڕادەستى بەغدا دەکات، لەگەڵ پیشنیازى ڕادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و بەکارهێنانى داهاتى ئەو نەوتەى دیکە کە دەمێنێتەوە بۆ پێدانى شایستەى دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان.

 

باسى لەوەشکرد، شاندى هەرێم هەروەها پێشنیازى ئەوەدەکات کە ئامادەیە داهاتى خاڵە سنورییەکان و گومرگ وەک ئەوەى لە دەستوردا هاتووە دابەشبکرێت لەنێوان هەرێم و بەغدا بە رێژەى پەنجا بە پەنجا.

 

دانوستانەکان لە ڕۆژانى کۆتایی کابینە کاربەرێکەرەکەى عادل عەبدولمەهدیدا بەڕێوەدەچن، ئەوەش گەیشتن بە ڕێککەوتنى تارادەیەک قورس کردووە، چونکە حکومەتى کاربەرێکەر زیاتر بۆ ڕاییکردنى کاروبارى ڕۆژانەیە، نەک بەستنى ڕێککەوتن.  

 

سە‌میر ھە‌ورامی، وتە‌بێژی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران پێشتر ڕایگە‌یاندبوو،  ئەو سە‌ردانە‌ی شاندی ھە‌رێم تە‌واوكە‌ری سە‌ردانە‌كە‌ی ھە‌فتە‌ی پێشووە‌ كە‌ چە‌ندین كۆبوونە‌وە‌یان ئە‌نجامدرا و چە‌ند پێشنیارێك خراونە‌تە‌روو بۆ چارە‌سە‌ركردنی كێشە‌ی پشكی ھە‌رێم لە‌ بودجە‌ی گشتی عێراق و كێشە‌ی نە‌وت. 

 

بەوتەى دوو سەرچاوەى ئاگادار لە دانوستانەکان کە پێشتر بۆ ناس کورد قسەیان کردبوو، "شاندى هەرێم پێشنیازى ئەوەدەکەن کە بۆ ئەم مانگە بەغدا موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بنێرێت، هەرێمیش 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەکەى ڕادەستبکات لەگەڵ داهاتە نانەوتییەکان، بۆ مانگەکانى دواتر ڕێککەوتن بکەن لەسەر کێشەکان".  

  

"ڕێککەوتنەکە لەسەر ئەوەیە بەغدا چەندە نەوتمان لێ داوا دەکات لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردەی بکەین، لە بەرانبەردا ئەوەدا حکومەتى عێراق چەندێک بودجەمان دەداتێ." یەکێک سەرچاوەیەک وای وت.