گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێکی نوێ لە فراکسیۆنى کۆمەڵەوە: ترسی ئێمە لە یاسا و دادگا نییە

2020.05.06 - 08:42
ڕاگەیەنراوێکی نوێ لە فراکسیۆنى کۆمەڵەوە: ترسی ئێمە لە یاسا و دادگا نییە

ناس کورد-

فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی نوێی لەبارەى هەوڵی پارتی بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سۆران عومەر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەچوونی دادگاییەکی دادپەروەرانەن نەک دادگاییەک کە لە سەرەتاوە ئەنجامەکەى دیارە.

 

فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەنراوەکەدا دەڵێت، سەرکردایەتی و فراکسیۆنی کۆمەڵ لەگەڵ ئەوەدایە یاسا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مەجرای خۆی وەربگرێت و لە (دادگایەکی بێلایەن)دا ڕاستی و دروستی ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە نەک لە دادگایەکدا کە لەسەرەتاوە ئەنجامەکەی دیارە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو ئومێد خۆشناو، سەرۆکى فراکسیۆنی پارتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کۆمەڵی ئیسلامی پارتی ئاگادارکردووەتەوە کە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بکەن.

 

زیاتر بخوێنەوە: پارتی لەبارەى کەیسی سۆران عومەر پەیوەندی بە کۆمەڵەوە کردووە.. داوای لێبوردنی کردووە؟

 

فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی دەشڵێت، "ترسی ئێمە لە یاسا و دادگا نیە، چونکە ساڵانێکی زۆرە دەنگی ئێمە دژ پێشێلکردنی یاسایە، بەڵکو ترسمان لە بەکارهێنانی دادگا و دامەزراوە یاساییەکانە لە پەردەپۆشکردنی گەندەڵی و سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "هیچ کاتێکیش لەگەڵ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر کاک سۆران عومەر و هەر پەرلەمانتارێکی دیکە نەبووین و دژ بەو هەنگاو و ڕەفتارەشین، ئەمە بە هەوڵێک دەزانین بۆ بێدەنگکردنی پەرلەمانتار و نوێنەرانی خەڵک کە هەم خراپە هەم پێشهاتێکی خەتەرناک.

 

پێشتر سەرۆکى فراکسیۆنى پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، سەرکردایەتی پارتی پەیوەندیی بە سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیەوە کردووە و داویان لێکراوە کە سۆران عومەر هان بدەن لەبارەی ئەو تۆمەتانەی باسی کردوون یان بەڵگەکانی ڕادەستی لایەنی یاسایی بکات یاخود ئەگەر بەڵگەی نییە با داوای لێبوردن بکات.   

 

ئومێد خۆشناو لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "بەڵام دیارە دوای ئەوەی لە لەلایەن سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی قسە لەگەڵ ناوبراو کراوە نە ئامادە بووە هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، نە داوای لێبورد بکات، بۆیە سەرکردایەتیی کۆمەڵ وەڵامی سەرکردایەتیی پارتییان داوەتەوە و وتویانە ئێوە ئازادن ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر."

 

دەشڵێت، "ئەمڕۆش جارێکی دیکە سۆران عومەر کۆمەڵێ تۆمەت و زانیاریی فابریکەکراوی بڵاوکردووەتەوە، دیسان دووپاتی دەکەینەوە گەر ناوبراو دڵنیایە و دەتوانێت ئەو زانیارییانە بسەلمێنێت با بێت بەڵگەکانی بۆ لایەنی یاسایی بخاتە ڕوو، گەرنا با وەڵامدەری یاسا بێت."