گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاندەکەى هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێکەوت بۆ تاوتوێکردنی چەند پێشنیازێک

2020.05.05 - 17:56
شاندەکەى هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێکەوت بۆ تاوتوێکردنی چەند پێشنیازێک

ناس کورد-

ئێوارەى ئەمڕۆ شاندی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێم بە‌رە‌و بە‌غدا بە‌ڕێكە‌وت بۆ تە‌واوكردنی گفتوگۆكان سە‌بارە‌ی بە‌ بودجە‌ و نە‌وت لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق.

سە‌میر ھە‌ورامی، وتە‌بێژی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران ڕایگە‌یاند،  ئەو سە‌ردانە‌ی شاندی ھە‌رێم تە‌واوكە‌ری سە‌ردانە‌كە‌ی ھە‌فتە‌ی پێشووە‌ كە‌ چە‌ندین كۆبوونە‌وە‌یان ئە‌نجامدرا و چە‌ند پێشنیارێك خراونە‌تە‌روو بۆ چارە‌سە‌ركردنی كێشە‌ی پشكی ھە‌رێم لە‌ بودجە‌ی گشتی عێراق و كێشە‌ی نە‌وت.

 

دانوستانە چاوەڕوانکراوەکان دواى دانوستانەکانى هەفتەى ڕابردوو دێن لەسەر نەوت و موچە کە ئەنجامیان لێنەکەوتەوە.

 

دوو سەرچاوەى ئاگادار لە گفتوگۆکان بە ناس کوردیان ڕاگەیاند، لە دانوستانەکاندا تاوتوێی پێشنیازێک دەکرێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم و رادەستکردنى نەوت.

 

دواى بڕینى پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە لە مانگى ڕابردوودا، بەپاساوى ڕادەستنەکردنى نەوت، هەرێمى کوردستان چەندجارێک ئامادەیی بۆ ڕادەستکردنى نەوت نیشانداوە، بەڵام بەغدا داواى کۆى داهاتەکانى هەرێم دەکات.

 

یەکێک لەسەرچاوەکان وتى، "شاندى هەرێم پێشنیازى ئەوەدەکەن کە بۆ ئەم مانگە بەغدا موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بنێرێت، هەرێمیش 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەکەى ڕادەستبکات لەگەڵ داهاتە نانەوتییەکان، بۆ مانگەکانى دواتر ڕێککەوتن بکەن لەسەر کێشەکان".

 

"ڕێککەوتنەکە لەسەر ئەوەیە بەغدا چەندە نەوتمان لێ داوا دەکات لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردەی بکەین، لە بەرانبەردا ئەوەدا حکومەتى عێراق چەنێک بودجەمان دەداتێ." سەرچاوەیەک وای وت.

 

بەهۆى نەناردنى پارەى تایبەت بە موچەوە، نزیکەى دوو مانگە هەرێم موچەى دابەشنەکردووە، بەوتەى یەکێک لە سەرچاوەکان بەغدا ڕەتینەکردووەتەوە موچەى ئەم مانگە بنێرێت.

 

دانوستانەکان لە ڕۆژانى کۆتایی کابینە کاربەرێکەرەکەى عادل عەبدولمەهدیدا بەڕێوەدەچن، ئەوەش گەیشتن بە ڕێککەوتنى تارادەیەک قورس کردووە، چونکە حکومەتى کاربەرێکەر زیاتر بۆ راییکردنى کاروبارى رۆژانەیە، نەک بەستنى ڕێککەوتن.

 

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پێشتر بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، بەغدا داواى زانیارى لە شاندى هەرێم کردووە لەبارەى فەرمانبەران و نەوت و بودجەوە، بەڵام حکومەتى کاربەرێکەر هەموو دەسەڵاتێکى نییە، بۆیە پێویستە لەگەڵ کابینەى نوێ ڕێککەوتن بکرێت و لە پەرلەمانیش پەسەند بکرێت.

 

هەردوو سەرچاوەکە بۆ ناس کورد جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان لاری نییە لە ڕادەستکردنەوەى داهاتە نەوت و نا نەوتییەکانی وەک گومرگ و باج و ڕسومات بە بەغدا بە مەرجێک ئەوانیش وەک عێراقی مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بکەن.

 

"پێمان وتن ئەگەر موچەى خۆتان دا ئەوەى ئێمەش بدەن، ئەگەریش کەمتان کردەوە ئێمەش کێشەمان نییە."